مەترسی و پێشبینی ڕێککەوتنێک هاوشێوەی عەفرین لە ئارادایە

بەشی سووریا- وتەبێژی YPG دەڵێت، مەترسیی هەیە ڕێککەوتنێک هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین ڕوویدا بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووری مەحموود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: دەوڵەتی تورکیا بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە بەڵکوو دەیەوێت سنووری تورکیا تێپەڕێنێت و سەڵتەنەیەکی ئەردۆغانی بنیات بنێت.

ناوبراو وتیشی: لە ناوخۆی تورکیا چەندین قەیران هەیە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و گەلی تورکیا بە گشتیی دەیانەوێت سیستەمی فاشیست و جیهادیست بگۆڕن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەکات.

نووری مەحموود، هەروەها وتی: مەترسییەک هەیە کە ئەردۆغان دۆخێکی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەکوو دۆخێکی نائاسایی لەناوخۆی تورکیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لەدەرەوەی شەڕ شتێک لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە.

لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی سووریاش لەبەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیا، وتەبێژی یەپەگە ڕوونیکردەوە، کە حکوومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارییەتەدا نییە، چوونکە ناتوانێت بڕیاریکی سەربەرخۆ بدات و نایەوێت چارەسەریی بۆ دۆخی سووریا فەراهەم بێت.

بە وتەی نووری مەحموود، ڕووسیا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ دۆخی سووریا نەناوە، بەر لە بەرژەوەندیی گەلی سووریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسیی و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێککەوتنێک بکرێت.

وتەبێژی یەپەگە، ڕوونیشیکردەوە "لە ماوەی نزیکەی ١٠ی ساڵی شۆڕشی کوردستانی سووریا، لە هەر هێرشێک لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکاردەهێنین و هیچ کاتێک هێرشمان بۆسەر هیچ لایەنێک نەکردووە، وە هیچ کاتێکیش داگیرکەریی، چەتە و داعش و قاعیدە و پاشماوەکانی تیرۆری نزیک لە ئەردۆغان و تورکیا قبووڵ ناکەین".

News Code 3713

Your Comment

You are replying to: .
captcha