بزووتنەوەی ئیسلامی: ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتی کەمینەیەکی بچووک دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئایندەی عێڕاق پێکدێنن، نوێنەرایەتی کەمینەیەکی بچووک دەکەن لە گەلانی عێراقی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: ئەوانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی ئاییندەی عێڕاق پێکدێنن، نوێنەرایەتی کەمینەیەکی بچووک دەکەن لە گەلانی عێراقی، ئەویش بەهۆی کەمیی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی 10/10 پێگەی پەرلەمان و هەم حکوومەتیش بێهێز و لاواز دەبێت.

وەرتی دەشڵێت: زۆرینەی گەلی ناڕازی کە بایکۆتی دەنگدانیان کرد دەتوانن لە کەمترین ماوەدا بیاننێرنەوە بۆ ماڵەوە لە ڕێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەریەوە.

وتەبێژی بزووتنەوە هۆشداریش دەدات بەوەی هەر چەندە رێککەوتنی لایەنە براوەکان  لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی ئاییندە زۆر سەخت و دژوار دەبێت بەهۆی ناکۆکی نێوانیانەوە لە بەرئەوە وامەزەندە دەکرێت شڵەژانی ئابووری و سیاسی و ئەمنی جارێکی تر بەرۆکی عێڕاقیەکان بگرێتەوە.