دوایین وەزعی نێو بزووتنەوەی گۆڕان و هۆکارەکانی شکستی لە هەڵبژاردن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دوایین وەزعی نێو بزووتنەوەکە پاش دەست لە کارکێشانەوەی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن کرد و لەبارەی هۆکاری شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردن و پلانی گۆڕان بۆ هەستانەوە و ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە بە کوردپرێسی گوت:  شکستەکە سێ هۆکار ی سەرەکیی بووە و خەریکی دروست کردنی دەستەیێکی کاتیی کاربەڕێکەرن و ئەو دەستەیەش لە ئەندامانی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندن نابێ.

کوردپرێس:

پێشڕەو ڕەئووف سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دوایین دۆخی نێو بزووتنەوەی گۆڕان پاش دەست لە کارکێشانەوە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بە کوردپرێسی گوت: دیارە گۆڕان ئێستا بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت و ئێستا ئێمە لە سەروبەندی بەخۆدا چوونەوە و مشاوەرە و گفتوگۆین لە نێوان خۆمان و خەڵکی دەرەوەی بزووتنەوەکە و ئەو کەسانەی ئومێدی ئەوەیان لێدەکرێت دیسانەوە شان بدەنە بەر پڕۆسەی هەستانەوە و بەخۆداچوونەوە و هەروەها ئەو کەسانەی لە سەرەتای بزووتنەوەکە بەشدار بوون لەگەڵمان. لە دوای ئەوەی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی پەسەند کرا لە سەر ئەوەی دەستەیێکی کاتی پێک بهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە تا هەڵبژاردنی ناوخۆ دەکرێت و بزووتنەوەکە دەبرێت بەرەو کۆنفڕانسی نیشتمانی. ئێستا گۆڕان خەریکی دروست کردنی ئەو دەستە کاتییەیە. ئەو دەستەیەش لە ئەندامانی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندن نابن. بەڵکوو ئەو دەستەیە پێکدێت لە خەڵکی ئاکادیمی و خەڵکی شارەزا و موعتبەرە و ئەو کەسانەی کە گۆڕان پێویستی پێیانە بۆ ئەوەی کاری ڕێکخستنەوەیان پێ بکات. دیارە گۆڕان لە ئەساسدا بزووتنەوەیێکی ئیسڵاحیە و لە سەر ئەو ئەساسە بونیات نراوە بۆیە ئەندامانی پێویستە هاودەنگ بن لەگەڵ پڕۆژە بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا.

سکرتێری جڤاتی گشتیی گۆڕان لەبارەی هۆکارەکانی شکست هێنانی گۆڕان بە کوردپرێسی گوت: بەشێک لە هۆکارەکان پێوەندیی بە بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە بووە و بەشێکیشی پێوەندیی بە دۆخی سیاسی و ئابووری و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانەوە بووە و بەشێکیشی پێوەندیی بە هەندێک بابەتەوە بووبێ کە ڕەنگە ئێستا نەکرێ بە ڕاشکاوی باسی لێبکرێت و ڕەنگە دوای بەخۆداچوونەوە زیاتر دەربکەوێت. بۆیە بە گشتی بەشێکی هۆکاری زاتیی بزووتنەوەکەیە و بەشێکیشی هۆکاری مەوزووعیە. ڕەخنەی گەورە کە لە نێو لایەنگرانی گۆڕان باسی لێدەکرێت ئەوەیە کە گۆڕان لە ئەساسدا حیزبێکی ئوپوزسیۆن بووە و لە سەر ئەساسی ڕەخنەگرتن لە حکوومەت لە ڕووی ئیداری و سیاسییەوە دروست بووە بۆیە کاتێک کە پەلە ئەکات لەوەی پێگەیێکی بەهێز بۆ خۆی دیاری بکات و بە لاوازی بەشداریی ناو ئەم حکوومەتە ئەکات ئەوە دەرەنجامەکەتی کە خەڵکێکی زۆر لە جەماوەرەکەی لێی بێ ئەمەل دەبێت و دەنگی پێنادات و سزای دەدات. کە واتە بەشێکی هۆکارەکانی شکستی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ بەشداری کردنی لە حکوومەت. واتا بەشداری کردنی گۆڕان لە حکوومەت ڕەنگە قازانجەکەی هەر ئەوە بووبێ کە چەند کەسێک پلە و پۆستیان وەرگرت و ئەمە زیانی گەیاند بە بزووتنەوەکە. بەشێکیشی پێوەندیی بە هاوپەیمانی و ئیتفاقاتێکەوە هەیە کە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی و پارتی و لە حکوومەت کردوویەتی.

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان زۆری نەماوە و گۆڕان گەر بیەوێت ئەو شکستە دووپات نەبێتەوە دەبێت بۆ هەستانەوە و ڕێکخستنەوەی خۆی پلانی ڕیشەیی دابێنت. پێشڕەو ڕەئووف لەبارەی پلانی گۆڕان بۆ ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە بە کوردپرێسی گوت: سەرباری ئەو وەزعە خراپەی بەسەر گۆڕاندا هاتووە هەموومان لە سەر ئەوە کۆک و هاوڕاین کە بە ئیرادەیێکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە ببینەوە کە بزووتنەوەکە تووشی بووە بەڵام بە بێ پەلە کردن و بەبێ بڕیاری سەرپێیی لە سەر خۆ کار ئەکەین بۆ هەستانەوەی ئەم بزووتنەوەیە. لە هەموو جڤات و ژوورەکانی گۆڕان هەوڵ دەدەین بە شێوەیێکی هێمنانە کار بکەین بە شێوەیێک کە ڕێکخستنەوەکە ببێتە مایەی کۆکردنەوەی هەموو ئەو دەنگە ناڕازییانەی کە هەیە و لە ڕابردوودا ئومێدێکیان بە بزووتنەوەکە بووە و دۆستی بزووتنەوەکە بوون. هەوڵ دەدەین هەموو ئەمانە کۆ بکەینەوە لە چوارچێوەی ڕوئیا و بەرنامەیێکدا کە بە قازانجی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە قازانجی پڕۆژەی ئیسڵاح و چاکسازی بێ لە هەرێمی کوردستان.

لە هەڵبژرادنی ئەو دواییەی پەرلەمانی عێراقدا گۆڕان بە هاوپەیمانێتیی یەکێتی بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنی کرد و هیچ کورسییێکی بەدەست نەهێنا. سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی و کاریگەریی ئەو هاوپەیمانێتییە لە سەر شکستی گۆڕان بە کوردپرێسی گوت: ئێمە لە هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ یەکێتی کردمان لە ڕووی دەنگدەرەکانەوە بووە مایەی زیان. ئێمە قازانجمان لە هاوپەیمانێتییەکە نەکردووە. بۆیە ڕەنگە بەشێک لە هۆکارەکان ئەوە بووبێ کە ئێمە بەو ئاراستەیە کارمان کردبێ کە پێچەوانەی خواستی دەنگدەرەکانی ئێمە بووبێ.

باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەند جار لە لێدوانی فەرمیدا باسی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕانی کردبوو و دەیگوت کار لە سەر ئەو بابەتە دەکات. سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی مەسەلەی یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: نە لە ناو هەڵسووڕاوانی گۆڕان و نە لە ناو هیچ ئۆرگانێکی بزووتنەوەکەدا دوور و نزیک گفتوگۆ و باسێک لەو بارەیەوە نەهاتۆتە ئاراوە چوونکە ئێمە پێمان وایە بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی نەوشیروان مستەفایە و پڕۆژەیێکی ئیسڵاحیە بۆ مەسەلەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و ئەمە قابیلی هیچ جۆرە سازش و موساومەیێک نیە لە لایەن هیچ یەک لە ئەندامانی بزووتنەوەکە لە هەر ئاستێکدا بن لە سەری سەرەوە بۆ خواری خوارەوە. بۆیە ئەم پڕۆژەیە بە زیندوویەتی ئەمێنێتەوە و نابرێت بەرەو تێکەڵ کردنەوە. ڕەنگە ئەوە خواست و ئامانجی کاک باڤڵ بووبێ و ئەمانە ناچێتە خانەی بیرکردنەوەی هەر یەک لە ئەندامانی ئێمە.

سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەکۆتاییدا داوای کرد: "هەموو ئەو کەسانەی نوخبەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر و هەڵسووڕاوی میدیایین هەموو پێکەوە بتوانین خزمەتی ئەو دۆخە بکەین کە ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە بزووتنەوەیێکی وەکوو گۆڕان بەهێز بێ نەک تووشی شکستی وا ببێ چوونکە پێم وایە لە دواییدا ئەو شکستە دەبێت شکستی ئازادیخوازان و بەرەی ئیسڵاحات و دژەگەندەڵی لە هەرێمی کوردستان چوونکە بزووتنەوەی گۆڕان سەرمەشق و سەردەقی پڕۆژەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیە لە هەرێمی کوردستان. بۆیە هیوادارم هەموومان بتوانین پڕۆسەی بونیاتنانەوەی گۆڕان خزمەت بکەین و بزووتنەوەکە لەو دۆخە دەرباز بکەین کە تێی کەوتووە و داواش دەکەم لە هەموو ئەوانەی خەمخۆری گۆڕانن و بە شێوەیێک لە شێوەکان ناڕازی بوون ئێستا بێنەوە. ئەم بزووتنەوەیە ماڵی هیچ کەسێک نیە. واتا هەموو لایێک دەتوانن بێنەوە و خزمەتی بکەن بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە بکەن کەس بە کەس بڵێ فەرموو. بۆیە هەر ئاکادیمی و ڕۆشنبیرێک پڕۆژەیێکی پێیە بۆ ڕێکخستنەوە و هەستاندنەوەی ئەو بزووتنەوەیە ئێمە پێشوازیی لێدەکەین و تەمەنا دەکەین هەموومان پێکەوە بتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین و بزووتنەوەکە بکەینەوە بە بزووتنەوەیێکی سەردەمیانە."

ناوبراو لە کۆتاییدا زیادیشی کرد: "بەگشتی ئێمە ئێستا لە دۆخی موراجەعەکردنەوەی هەموو ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕانداین. ئەو مەسەلانەی پێوەندیی بە هاوپەیمانێتی کردنەوە هەیە. ئەو بابەتانەی پێوەندیی بە بەشداری کردن یان نەکردن لە حکوومەت هەیە ئەوانەی پێوەندیی بە عیلاقاتی سیاسیمانەوە هەیە. بە نەتیجە دەرکەوت کە ئێمە لە هەموو ئەم بابەتانەدا هەڵەمان هەبووە و بە شێوەیێک لە شێوەکان نەمانتوانیوە ئەو پەیامە بگەیێنین بۆیە خەریکی موراجەعەکردنەوەی هەموو ئۆرگانەکانی خۆمانین لە سەرەوە بۆ خوارەوە."

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3721

Your Comment

You are replying to: .
captcha