هەرێم ئەمساڵیش یاسای بوودجەی نابێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، یاسا بوودجە دەبوو لە کاتی دیاریکراو رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام تائێستا هیچ باسێکی نیە، ئەوەش مانای وایە هەرێم ئەمساڵیش یاسای بودجەی نابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومەر گوڵپی دامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی بەدواداچوونێکی لەبارەی بودجە و داهاتی حکوومەتی هەرێم بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمساڵ لە کۆتایی‌ مانگی‌ 10 نزیک دەبینەوە و هیچ باسێک لە پڕۆژە یاسای‌ بوودجە نییە، هەروەها لە ساڵی‌ 2014ەوە هەرێم خۆی‌ بەرپرسیاری‌ سیاسەتی‌ ئابووریی‌ خۆی‌ لە ئەستۆ گرتووە و بەستنەوەی یاسای بوودجە بە چاوەڕوانی‌ بەشە بوودجەی‌ بەغدا پاساوێکی ڕاست نییە، چوونکە ئەنجومەنی‌ وەزیران دەتوانێت بە داهاتی‌ خۆی یاسای‌ بودجە دابڕێژێت ‌و لە پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، لەئێستادا هەرێمی‌ کوردستان مانگانە داهاتی‌ زیاترە لە یەک ترلیۆن‌ و دووسەد و چل ملیار دیناری‌ مانگانە، کە 290 ملیار دیناری‌ زیاترە لە خەرجییەکانی‌ مانگانە بۆ هەموو بوارەکان کە 950 ملیار دینارن بە مووچەی‌ تەواویشەوە، "ئیتر بۆ ناکرێت ئەم داهات ‌و خەرجیانە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بوودجە ڕێک بخرێن؟ چی‌ ڕێگرە؟ کێ ڕێگرە؟ ئەنجومەنی‌ وەزیران پارەی‌ کوردستان چی‌ لێدەکات؟".

عومەر گوڵپی  دەڵێت: "یاسای بوودجه‌ ئه‌گه‌ر به‌ بابه‌تیانه‌ و زانستیانه‌ و یاساییانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت ده‌بێته‌ هۆی‌ دیاریی‌‌ و شه‌فافی‌ داهات ‌و خه‌رجی‌، بە یاسایی‌ مامەڵە لەگەڵ مووچەی‌ مووچەخۆراندا بکرێت بەتایبەت سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران، هەروەها ساڵانە بە پێی‌ یاسا و دادگەرانە بوودجە بۆ دامەزراندن ‌و بوارە جیاجیاکان تەرخان بکرێت، هەموو ئەمانەش واتە پلان ‌و بەرنامەی‌ دارایی ‌‌و ئابووری‌".