پەیمانی لۆزان دوو ساڵی دیکە تەواو دەبێ و ئاڵۆزی لە ناوچەکە ڕوو دەدات/ گەر کورد بە یەک دەنگ هەڵسوکەوت لەگەڵ جیهان نەکات کەس گوێیان لێناگرێ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوکتور حوسێن عەزیز نووسەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە کوردپرێسی گوت پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە خۆیاندا بچنەوە و بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ، هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهاندا بکەن. ئەگینا گەر وا نەبێ، کەس گوێیان لێ ناگرێ و ئەو پێوەندییانەش، تا سەر بڕناکا! بەتایبەتی کە دوو ساڵی دیکە پەیمانی لۆزان تەواو دەبێ و ئاڵۆزیی زۆر لە ناوچەکە ڕوودەدات.

کوردپرێس:

دوکتور حوسێن محەمەد عەزیز نووسەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی کە لە بواری مێژووی سیاسیی کوردەوە خاوەنی چەندین نووسینن و توێژینەوەیە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس جەخت دەکاتە سەر زەروورەتی بەخۆدا چوونەوەی دەسەڵاتداران و هێزە سیاسییەکانی کوردستان و دەڵێت: پێم وایە، بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێم دەبێ، بەرژەوەندیی باڵای ئەم ئەزموونە، لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەی تەسکی پارتایەتی و بنەماڵەگەرییەوە دابنێن. لەبەرئەوە پێویستە، بە خۆیاندا بچنەوە، ئاشتی و یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبێنن، ئینجا بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ، هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهاندا بکەن. ئەگینا گەر وا نەبێ، کەس گوێیان لێ ناگرێ و ئەو پێوەندییانەش، تا سەر بڕناکا!

ئەو نووسەر و توێژەرەی پرسی کورد لەبارەی هاوسەنگیی هێز لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پێوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بە کوردپرێسی گوت: لە ئەو بڕوایەدام، دەوڵەتەکانی بەرەی خۆراوا، پێوەندیی هێزەکانی هەرێمی کوردستانیان، لەگەڵ ئێراندا نەک هەر پێ باش نییە، بەڵکوو زۆر دژیشن. چونکە لە ئەم نێوچەیەدا، لە هەموو ڕوویێکەوە ناکۆکن و بەرژەوەندییەکانیشیان جیاوازە. تورکیاش بە هەمان شێوە، دژی دەسەڵاتی سەرانی ئێران کار دەکەن و هەرێمی کوردستان، بە بەشێ لە خاکی تورک دەزانن و سوورن لەسەر، گەڕاندنەوەی ولایەتی موووسڵ، بە تایبەتی پەیمانی لۆزان دوو ساڵی دیکە تەواو دەبێ. جا با بزانین چ جۆرە پشێویی و ئاڵۆزیی، ناکۆکیی و جەنگ، لە نێوان دوڵەتەکانی نێوچەکە بە تایبەتیی و هێزەکانی بەرەی خۆراوا بە گشتی، لەسەر ئەم کێشە گرنگە ڕوو دەدا!                       

دوکتور حوسێن عەزیز لەبارەی پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئەو نیگەرانییانەی باس لە دووپات بوونەوەی هەمان سناریۆ لە عێراق و سووریاش دەکات و کاریگەریی ئەم کشانەوەیە لەسەر دەسەڵات و پێگەی کورد لە عێراق بە کوردپرێسی گوت: بڕواناکەم، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمێریکا و هاوپەیمانەکانی، لە ئەفگانستان کشانەوە، کار لە ڕەوشی ڕامیاریی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بکا. چوونکە بارودۆخی ئەم وڵاتانە، لە هەموو ڕوویێکەوە جیاوازە.

دوکتور حوسێن عەزیز هەر لەو بارەیەوە زیادی کرد: گەر ئەمێریکاش لە ئەفگانستان کشاوەتەوە، هەروا بە خۆڕایی و هەڕەمەکی نەبووە. بەڵکوو چەن ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری نهێنییان لەگەڵ تالیباندا هەیە، بەرژەوەندییەکانی ئەمێریکا لە نیوچەکە دەپارێزێ. بەلام گەر لە دواڕۆژێکی نزیک یا دووردا، هێزەکانی ئەمێریکا لە عێراق و کوردستان بکشێتەوە، کارێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە. چوونکە ئەم هێزانە، تا کۆتایی جیهان نامێننەوە و هەر دەبێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان بگەڕێنەوە. جا کەی و بۆچی دەگەڕێنەوە، ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە.

مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی ڕوونیشی کردەوە: پێوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێمی  کوردستان و ئەمێریکا بە تایبەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان بە گشتی، پێوەندییێکی توندوتۆڵی، بە ڕەوشی ڕامیاری و نەتەوەیی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هەروەها پێوەندیشی بە ڕەوشی نێوچەکە بەگشتی و ئێران و داعەشیشەوە بە تایبەتی هەیە. گەر گرژی و ئاڵۆزی، پێکدادان و جەنگ لە نێوچەکەدا بەردەوام بێ، لە بەرژەوەندیی هیچ لایێکدا نییە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش دەمێننەوە.

ناوبراو گوتیشی: بە داخێکی گەورە و گرانەوە، سەرکردایەتیی پارتەکانی هەرێم، لە ئەو ئاستە باڵا و ژیرییەدا نین، تا بە دڵ و بە گیان، ئەو پێوەندییەی، لە ساڵی 2003وە درووست بووە و لە قازانجی بزووتنەوەی کوردایەتیدایە، بە باشی بیپارێزن. چوونکە هەم هێزەکانی کورد لەنێوخۆدا هاوڕا و یەک هەلوێست نین، هەم لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەکەشدا، زۆر بڕیاڕبەدەست نین. لەبەرئەوەی هەر پارتێکی گەورە یا پچووک، سیکیۆلار یا ئیسلامیی کوردستان، بە یەکێ لە دەوڵەتە هەرێمییەکانی وەک توورکیا و ئێرانەوە بەسراونەوەتەوە، زۆر گوێڕایەڵیانن و فرمانەکانیان جێبەجێ دەکەکەن.

لەباری مێژووییەوە ئێران لە ئێستاشدا و لە سەردەمی پێش شۆڕشی ئیسلامییشدا لە چەندین قۆناغدا پێوەندیی لەگەڵ پارتیش و یەکێتیش بووە و هەیەتی. پرسیار لە دوکتور حوسێن عەزیز کرا کە پێوەندیی نێوان ئێرانی پێش شۆڕشی ئیسلامی و ئەو دوو پارتە چۆن بووە و کاریگەریی ئێران لە سەر هاوسەنگیی هێز لە عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن و وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و تورکیا لەم هاوسەنگییەدا چ دەورێک دەبینن؟

ئەو نووسەر و چاودێرە کوردە لە وەڵامدا بە کوردپرێسی گوت: ئاشکرایە، ئێران وەک دەوڵەتێکی بەهیزی گەورە و دەسەڵاتدار، لە نێوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ. لەبەرئەوە هەر لە کۆنەوە تا ئیستە، هەر بزووتنەوەیێکی کوردی و کوردستانی، ڕامیاری یا چەکداری، لە هەر شوێنێکی کوردنشین بە گشتی و لە هەرێم بە تایبەتی، سەریهەڵدابێ، ئێران هەر لە سەرەتاوە، ئاگای لێ بووە و دووربەدووریش، چاودێریی کردووە و پاشان پێوەندیی پێوە کردووە. یا هەر لە سەرەتاوە پێوەندیی پێیانەوە هەبووە. بەڵام هێڵە سەرەکییەکانی ئەو پێوەندییە، لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاکانی  ئێراندا داڕێژراوە. نەک لەبەر چاوی کاڵی کورد بووبێ! هەڵبەتە، سەرکردەکانی ئەو پارت و جووڵانەوە چەکدارییانەی هەرێمی کوردستانیش، ئەمەیان زۆر باش زانیوە. بەڵام لە ناچاری و دژمنایەتیی دەوڵەتانی  توورکیا، عێراق و سووریادا، هەموو مەرجەکانی ئێرانیان پەسەندکردووە، هەر کاتێکیش، ئامانجەکانی ئێران بەدیهاتبێ، زۆر بە ئاسانی، وازیان لە ئەو پارت و بزووتنەوەیە هێناوە و لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ڕێککەوتووە. هەر وەک لە ڕێکەوتنەکەی جەزایری ڕۆژی 6. 3. 1975دا ڕوووی دا، ئێرانی سەردەمی ڕژێمی شا، وازی لە سەرکردایەتیی شۆڕش و پارتی هێنا و سنوورەکانی داخست.

ئەوە جگە لە ئەوەی، ڕژێمی شای ئێران بە شێوەیێکی بەردەوام هەوڵی داوە، لە رێی دەزگەی ساواک و هەواڵگرییەوە، هێلی نهێنی و بنکەی سەربازی، لە کوردستاندا بکاتەوە، تا بە تەواوی جێپێی خۆی قایم کا و سەرانی پارتەکانیش، فرمانەکانی جێبەجێ بکەن. بۆ نموونە؛ کوردێکی سنەیی سیخوری وەک عیسا پەژمان، هەر لە کۆنەوە، لەنێو شۆڕشی 11. 9. 1961دا، ڕۆڵێکی گەلێ گرنگی گێڕاوە، تا وای لێهاتووە، لە زۆر شتدا پرسیان پێ کردووە و گوێیان لە قسەکانیشی گرتووە!  

هەروەها زۆر بە کوڵودڵەوە، دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێران ناکۆکی و دووبەرەکییەکانی، نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستانی قۆستووەتەوە و قووڵی کردوونەتەوە. بە تایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی 11. 3. 1970ی نێوان سەرکردایەتی شۆرش و دەسەڵاتی داگیرکەری بەعس، ئیدی بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە، ئەو ڕێککەوتنە پووچەڵ بێتەوە و سەرکردایەتیی شۆڕشیش، بەرەو ئێران بگەڕێنەوە. بەڵام ئێستا پێوەندییەکان گۆڕاون و ئەو سیاسەتە نەماوە. جگە لە ئەوەی، دابەشبوونی هەردوو سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی، بەسەر هەردووو دەوڵەتی ئێران و توورکیادا، گۆمی ناکۆکییەکانی قووڵتر کردووەتەوە لەبەرئەوە ئەو دوو پارتە گەورەیەی هەرێمی کوردستان، لە سەردەمە جیاوازەکانی شۆڕش و دەسەڵاتی هەرێمدا، بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، پێوەندییان لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە هەبووە، بە نۆرەش وەک یاریی دووگۆڵی، سەریان گۆڕیوەتەوە!

بۆیە لێپرسراوانی ئێران، وەک دەوڵەتێکی گەورە و دەسەڵاتدار، هەمیشە کارێکی زۆریان، لە هاوسەنگیی نێوان ئەو دوو پارتەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی کردووە، ئێستەش بە شێوەیێکی بەردەوام، هەمان ڕۆڵ دەبینن. ئاخر ئێران، هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە بەشێک لە مێژوو و کەلتووری خۆی دەزانێ. چونکە لە ڕووی مێژووییەوە وابووە و ئەگەرچی ئێستە، هێزەکانی شیعەی عەرەب، فرمانڕەوایی دەکەن و خۆیان لە ئێران جیا ناکەنەوە. لە ئەم قۆناغەشدا، یەکێتیی نیشتمانی پتر پێوەندیی بە سەرانی ئێرانەوە هەیە و ئەوانیش، پشگیرییان دەکەن چوونکە پارتی لە بەرەی توورکیادایە کە لەگەڵ ئێراندا، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، ناکۆکییەکی مێژوویی نەتەوەیی، ڕامیاری و ئایینزاییان هەبووە و هەیە.

 

*سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی