بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دووکان لە سلێمانی ژمارەیەک شوێنەواری شەش هەزار ساڵە دەردەکەون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دووکان ژمارەیەک ناوچەی شوێنەواریی دەرخستوون و تاوەکوو ئێستا چاخەکانی بەردین، ساسانی، رۆما و میرنشینی سۆران دۆزراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەڤزیۆنی ڕووداو بڵاوی کردەوە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی دووکان بووەتە هۆی دەرکەوتنی ژماریەک گوند و تەپۆڵکە و گردی شوێنەواری. گردی باب و کوڕە، لێوارەکەی پڕە لە پارچە گۆزەی شوێنەواری، ژمارەیەک شوێنەوارناسی زانکۆی کۆپنهاگنی دانیمارکی لە گردەکەدا کار دەکەن.

تیم سکوڵ بوڵ، شوێنەوارناس دەڵێت، "ئەوەی لێرە دەیبینین شوێنێکی شوێنەوارییە و مێژووەکەی بۆ شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەوەی لەبارەیەوە دەیزانین ئەوەیە کە شارێکی کۆن و بچووکە، بینایەکی مۆنیۆمێنتی گەورەی لە سەرەوە هەیە کە لە شێوەی کۆشکێکە، لە ژێرەوەشیدا کە ئێمە خەریکین لێی دەکۆڵینەوە، بەشی خوارەوەی شارەکەیە".

ساڵی 1954 دەست بە دروست کردنی بەنداوی دووکان کراوە و بە ماوەی پێنج ساڵ تەواوبووە. توانای هەڵگرتنی 6.8 ملیار مەتر سێ جا ئاوی هەیە، نزیکەی سی گوند و سەد ناوچەی شوێنەواریی ئەوکات بەهۆیەوە ژێرئاو کەوتوون.

بارزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەرین دەڵێت: "ژمارەیەک لەو ناوچە شوێنەوارییانەی دەرکەوتوون ئێمە هەوڵمانداوە کاری کنەوپشکنینیان بۆ بکەین لە رێگەی چەندین زانکۆی بیانی، ناوچەکانی گردی شمشارە، گردی باب و کوڕ و شەم و بانەبۆستن کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت و مێژووەکانیشیان هەمووی سەردەمی کارکۆلۆسیک و نزیکەی شەش هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆن".

ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی لە ناوەڕاست و لێواری ئاوەکە دەرکەوتوون، زانکۆکانی کامبریج، ئارتا، کۆپنهاگن و میونشن کاریان تێدا دەکەن. خانوویەکی 10 ژووریی شوێنەواری لە دەربەندی رانیە دۆزراوەتەوە، کە گومان دەکرێت پەرستگایەکی سەردەمی ئەشکانییەکان بێت.

سەندرا مولارجن، مامۆستای شوێنەوار لە زانکۆی کۆپنهاگن ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی لێرە هەیە، پێمانوایە کە بینای فەرمانڕەوایەک بێت، چوونکە گەورەترین و روونترینیانە، ئەمانە دەروازە سەرەکییەکان و قادرمەکانین، پێمانوایە کە ئێرەش وەکوو ژوورێکی پەرستگە وابێت، ئەوانی دیکەش ژووری دیکەن کە بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتوون".

ساڵی 2012 رێکخراوی FPO))ی فەرەنسی رووپێویی شوێنەواری بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین کردووە و 350 ناوچەی شوێنەواری تۆمارکردوون. لەو ناوچە شوێنەوارییانەش چاخەکانی بەردین، ساسانی، رۆما و میرنشینی سۆران دۆزراونەتەوە.

News Code 3750

Your Comment

You are replying to: .
captcha