تورکیا بەتەمای وەرگرتنی مۆڵەت لە ئەمریکایە بۆ هێرشکردنە سەر مەنبج و تەلڕەفعەت

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی سووریا  (P.Y.K.S)دەڵێت: تورکیا دوژمنی کوردە بەدوای بیانوویەکە بۆ هێرش کردن. لەم بارودۆخەدا داوا لە پەیەدە و هەسەدە دەکەین کە وریا بن و واز لە هێرشی میدیایی بۆسەر تورکیا بێنن و هەڵمەتی سەربازیش لەدژی تورکیا ئەنجام نەدەن.

«هەڤاڵ عیسا» ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشەکانی ئەمدواییەی تورکیا لەدژی باکووری سووریا و ئەگەری هێرشی دووبارەی ئەو وڵاتە بۆسەر کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: پارتی یەکێتی دیموکراتی و حزبەکانی ئامادەبوو لە PYNK پێشتر دەیانگوت کە پەیوەندییان بە PKKەوە نییە و حزبی سوورین و بۆ کوردی سووریا تێدەکۆشن بەڵام لەمدواییەدا دەرکەوت و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان دەریخست کە بەشێکن لە پەکەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توکیا دەرفەتەکە بقۆزێتەوە و بەدوای داگیرکاریدا بێت.

ناوبراو دەڵێتکپرسێکی دیکە شەڕی میدیایی پەیەدە-یە لەدژی تورکیا کە لەمدواییەدا زیاتر بووەتەوە و پرسێکی دیکە کوژرانی ژمارەیەک پۆلیسی تورکیایە لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا کە ئەمەش مەترسیی هێرش ککدنی تورکیا و لێدوانە توندە میدیاییەکانیانی زیاتر کردۆتەوە.

هەڤاڵ عیسا ڕاشیگەیاند: لە ئێستادا تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا خەریکی گفتوگۆیە و ئەگەر نەگاتە ئەنجام ئەگەری هێرشێکی دیکە لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە هەیە و ڕەنگە ئەمجارەیان لە مەنبجەوە هێرش بەرێت.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) جەختی کردەوە: بەرپرسانی باڵای سەربازیی تورکیا دەڵێن مکووڕین لەسەر هێرش کردن و چاوڕوانین ئەنجامێک لە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا دەستمان کەوێت، هەر لەم پێناوەشدا بڕیارە لە چوارچێوەی دانیشتنی سەرۆکانی 20دا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆ ببێتەوە.

هەڤاڵ عیسا وەبیری هێنایەوە: لەلایەکی دیکەوە تورکیا خەریکی گفتوگۆ کردنە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کە ڕێگایەک لە تەل ڕەفعەت و شەهباوە بکاتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە لەم بارودۆخەدا داوا لە پەیەدە و هەسەدە دەکەین کە وریا بن و واز لە هێرشی میدیایی بۆسەر تورکیا بێنن و هەڵمەتی سەربازیش لەدژی تورکیا ئەنجام نەدەن چوونکە تورکیا دوژمنی کوردە بەدوای بیانوویەکە بۆ هێرش کردن.

News Code 3767

Your Comment

You are replying to: .
captcha