ئیدارەی خۆسەر نابێت بیانووی هێرش کردن بداتە دەستی تورکیاوە/ هەڕەشەکانی ئەردۆغان جیدین

بەشی سووریا- ئەندامێکی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) دەڵێت: هەڕەشەکانی تورکیا لەدژی باکووری سووریا جیدین بەڵام هێشتا ئەردۆغان گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیای بۆ هێرش کردن بەدەست نەهێناوە.

ڕزوان سیدۆ ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئەگەری هێرشی دووبارەی سوپای تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: تورکیا بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازیی کردووە بۆ سەر باکووری سووریا و هیچ کات وازی لەو کارەی خۆی نەهێناوە بەڵام لەمدواییەدا هەڕەشەکان زیاتر بوونە.

ناوبراو درێژەی دا: لە ڕاستیدا دەبێت ئەم هەڕەشانە بە جیدی بزانین بەڵام تا ئەم کاتەیش گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیا بۆ هێرشی تورکیا هەڵنەکراوە.

نابراو زیادی کرد: دانیشتنی پووتین و ئەردۆغان لە مۆسکۆ ئەنجامێکی بۆ تورکیا نەبوو و لە کۆتایی ئەم مانگەیشدا بڕیارە لە کۆبوونەوەی گرووپی 20دا ئەردۆغان لەگەڵ جۆ بایدن کۆببێتەوە و هەروەها دووبارە لەگەڵ پوویتن کۆ ببێتەوە و ئەگەر ئەنجامێکی دەست نەکەوێت ڕەنگە دانوستانەکان کەم ببنەوە و هەڕەشەکان کۆتاییان نایەت.

ئەندامەکەی مەکتەبی ڕێکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) ڕاشیگەیاند دانیشتووانی ناوچەکە هەست بە مەترسیەکی زۆر دەکەن و دیارە کە تورکیا چاوی بڕیوەتە مەنبج و تەلڕەفعەت.

ناوبراو زیادی کرد: پێشتر ڕێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و ئەمریکا و ڕووسیادا کرابوو کە هێزەکانی پاراستنی گەل سی کیلۆمەتر لە سنوورەکان دوور بکەونەوە. بەڵام هەموو دازانین کە تورکیا هیچ بڕوای بە مافی کوردەکان نییە بۆیەش داوا لە ئیدارەی خۆسەر دەکەین کە بیانوو نەداتە دەستی تورکیاوە.

ڕزوان سیدۆ وتیشی: خەڵکی سووریا چیدی ماندوو بوونە. هیوادراین هەموو لایەنەکان دەست لەشەڕ هەڵبگرن و مۆڵەت بدەن ئاشتی و ئارامی لە سووریا جێگیر ببێت و هێزی بیانی لە سووریا بکشێنەوە و ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.

سرور خدری

News Code 3777

Your Comment

You are replying to: .
captcha