تورکیا هێرش ناکاتە سەر کوردی سووریا چوونکە ئەمریکا لەوێیە
بەشی جیهان- دوکتۆر جۆزیف داهیر توێژەری کاروباری سووریا لە دیمانەیێکدا بۆ کوردپرێس دەڵێت: تورکیا دژی کوردی سووریا هێرشی سەربازی ئەنجام نادات لەبەر ئەوەی هێزی ئەمریکی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بوونی هەیە. دەشڵێت: ڕووسیا پێی خۆش نیە تورکیا پەرە بە خاکی ژێردەسەڵاتی خۆی لە سووریا بدات.

کوردپرێس:

بەرپرسانی باڵای تورکیا لەو ڕۆژانەدا هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە سێهەم ئوپەراسیۆنی سەربازی دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام دەدەن و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە کوردەکان بەردەوام هێرشیان کردۆتە سەر هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە نێو خاکی سووریا و تەقەیان لێکردوون بۆ ناو خاکی تورکیا.

لە هەمان کاتدا ڕووسیا پێشتر گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردبوو بەڵام تا ئەم کاتەش هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکردووە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا ماوە و مانەوەی سەربازەکانی بە بۆنەی بەردەوام بوونی شەڕی داعشەوە درێژ کردۆتەوە. هەروەها کوردەکانیش پێشوازییان کردووە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و تا ئەم کاتەش بە هیچ ئەنجامێک نەگەشتوون. باسی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریاش لە ئارادایە کە ئەگەر ئەو کشانەوەیە بکرێت مەترسیی هێرشیی یەکجاریی تورکیا بۆ سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەبێتە مەترسیی جیدی.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بابەتانە گفتوگۆیێکی لەگەڵ دوکتۆر جۆزیف داهیر توێژەری باڵای کاروباری سووریا و مامۆستای زانکۆی لۆزانی سویس کردووە.

تەنگەژەی نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی ڕووسیا

دوکتۆر داهیر لەبارەی دوایین دۆخی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا، تورکیا و ڕووسیا لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بە کوردپرێسی گوت: ڕووسیا و دەوڵەتی سووریا لە ئێستادا سەرجەم خاکی ئیدلیبیان لە ژێر دەستدا نیە. بۆردومانەکانی ئەم دواییە لەو ناوچەیە لە لایەن هەر دوو لاوە سەرباری ئاگربڕی ڕاگەیێندراو لە لایەن تورکیا و ڕووسیاوە بەردوامە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ڕووسیا لە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەڵێت: لە ئێستادا ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئەنقەرەدا نیە کە ڕێگە بە تورکیا بدات باکووری خۆرهەڵاتی سووریا -کە بە دەست ئیدارەی خۆسەری کوردییەوەیە- داگیر بکات.

ناوبراو دەڵێت ڕووسیا نیگەرانی ئەوەیە تورکیا پەرە لە خاک و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی بدات و دەشڵێت: مۆسکۆ هەوڵ دەدات پێوەندیی سیاسیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق دروست بکات و هاوکات داوا لە تورکیاش دەکات بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا سنووردار بکات. مۆسکۆ حەز بەوە دەکات ئەنقەرە هان بدات کە پێوەندیی لەگەڵ دیمەشق هەبێ ئەوەش لە سەر بنەمانی ڕێککەوتنی ئەدەنە کە 1998 واژۆ کراوە و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە دەوڵەتی سووریا پێبەند کراوە بە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ناسراو بە پەکەکە.

توێژەرەکەی کاروباری سووریا لەباریە هۆکارەکانی هەبوونی تورکیا لە خاکی سووریا دەڵێت: تورکیا دەترسێت لەوە کە بوونی لە خاکی سووریا دابەزێنێت یان خود لەو وڵاتە بکشێتەوە چوونکە گەر بکشێتەوە توانای تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە کوردییەکانی سووریا کە سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتین کەم دەبێتەوە و کۆنتڕۆڵی تورکیا لە سەر سنوورەکانی باشووری ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و دزەکردنیان بۆ نێو خاکی تورکیا دادەبەزێت.

دوکتور داهیر لەبارەی هەڵوێستی ڕووسیا سەبارەت بە چارەنووسی باکووری سووریا دەڵێت: ڕووسیا بەردەوام داوای ئەوە دەکات بە تەواوی شاڕێیانی ئێم 4 کۆنتڕۆڵ بکات کە ناوچەی ئیدلیب بە حەلەب و لازقیەوە دەلکێنێت. ئەوەش بۆ پێوەندی و بازرگانی کردن زۆر جێی بایەخە. ڕووسیا بە بۆنەی ئەوەی تورکیا گرووپی حەیات تەحریری لە ناوچەکە دەرنەکردووە و کۆنتڕۆڵی نیوەی ئیدلیبی بەدەستەوەیە تانەی لە تورکیا داوە.

مامۆستاکەی زانکۆی لۆزانی سویس دەڵێت سەرکەوتنی تورکیا لە سووریا بەستراوە بە هاوکاریی ڕووسیا و دوور کەوتنەوەی لە ڕۆژئاوا. دەشڵێت: لە هەمان کاتدا ڕووسیا و تورکیا لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا و سەرهەڵدانی کێشەی زیاتر لە نێوان تورکیا ناتۆ، پەرەی بە پێوەندییەکانی خۆی داوە. بۆ نموونە ڕووسیا سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ی بە تورکیا فرۆشت و ئەوە ناڕەزایی واشەنتنی لێکەوتەوە. ئەنقەرە و مۆسکۆ هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابوورییان لە کەرتی گەشتیاری و خواردەمەنی هەیە. ولادیمیێر پووتن لە زۆر ڕێوڕەسمدا باسی دەستبەکاربوونی هێڵی بۆریی غازی ناسراو بە تورک ستریمی کردووە کە لە 2020ەوە دەستی بەکار کردووە و گازی ڕووسیا لە ڕێگای تورکیاوە دەنێردرێتە دەریای ڕەش.

مەترسیی دووپات بوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا

مامۆستای زانکۆی لۆزانی سویس لەبارەی مەترسیی دووپات بوونەوەی سناریۆی ئەفغانستان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بە کوردپرێسی گوت: بە ڕای من بابەتەکە جیاوازە چوونکە ئەمریکا لە سووریا ژمارەیێکی کەمتر سەربازی هەیە و تەرکیزی کردۆتە سەر شەڕی داعش.

ئەو توێژەرە دەڵێت کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق بەشێکە لە ستراتیژی ئەو وڵاتە و زیادیش دەکات: کشانەوەی پڕ لە هەراوهوریای ئەمریکا لە ئەفغانستان پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق شکستێکی تازەیە بۆ ئەمپریالیزمی ئەمریکا. بەڵام ئەو بابەتە بە واتای کۆتایی هاتنی سیاسەتی ئەمپریالیستیی ئەمریکا نابێت. ئەمپریالیزمی ئەمریکا بەردەوام هەوڵ دەدات دەست بەسەر هەڕموو جیهاندا بگرێت بەڵام دەیەوێت ئەو بابەتە لە ڕێگای بەڕێوەبەردنی کارای ئیلتیزامە سەربازییەکانی خۆی لە دەرەوەی وڵاتەکەی بێت. جۆبایدەین لە لێدوانی خۆیدا پاش کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان گوتی: ئێمە دەبێ کۆتایی بە دەستوەردانی بیانی بۆ پێکهانی وڵاتانی دیکە بهێنین. بەڵام هاوکات جەختیشی کردە سەر بەردەوام بوونی شەڕی دژبە تیرۆر و لە سەرووی هەموویانەوە زەروورەتی یەکخستنی هێز بۆ ڕکابەری کردنی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو کێشانەی سەرچاوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ چین و ڕووسیا.

دوکتۆر داهیر زیادی کرد: ستراتیژی سەربازیی ئەمپریالیستیی واشەنتن لەجیاتی مووشەک هاویشتن و بۆردومان کردن، پشت دەبەستێت بە هاویشتنی بۆمب لە ڕێگەی درۆنەکانەوە و هاوکات لەپێناو پێشکەوتنی خۆی یان لەناوبردن و لاوازکردنی وڵاتانی تر هەموو کارێک دەکات.

مامۆستاکەی زانکۆی لۆزانی سویس لەبارەی داهاتووی مانەوەی ئەمریکا لە سووریا بە کوردپرێسی گوت: لەو ڕووەوە کە داعش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پەرەی بە هێرشەکانی خۆی لە سووریا داوە واشەنتن بۆ ماوەیێکی کورت بەشێک لە سەربازەکانی لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە. لەو ڕێگایەوە بۆ گوشارخستنە سەر حکوومەتی سووریا لە پێناو بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا کەڵک وەردەگرێت و ڕێگری لە حکوومەتی ناوەندیی سووریاش دەکات کە بگەڕێتەوە باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە.

ئەگەری هێرشی سەربازی دژی کوردەکانی سووریا

دوکتور داهیر لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی سێهەمی تورکیا دژی کوردەکانی سووریا دەڵێت: من لەو قەناعەتەدام هێرشی تازەی تورکیا دژی کوردەکانی سووریا بە هۆی بوونی ئەمریکا لە باکووری سووریا دوورە لە چاوەڕوانی و پێم وانیە ڕوو بدات. ڕووسیاش حەز ناکات تورکیا خاک و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی لە سووریا فراوان بکات. ڕووسیا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی سووریا پێویستە سەرجەم خاکی ناوچەی باکووری وڵاتەکە و بەتایبەت ناوچە نەوتخێزەکان ئەو وڵاتە بگرێتەوە دەست.

کێ دەتوانێت تورکیا لە سووریا دەربکات؟

ئەو توێژەرە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە کێ دەتوانێت تورکیا لە سووریا دەربکات بە کوردپرێسی گوت: کشانەوەی تورکیا بە ئەگەری زۆر بە پێی ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە نێوەندگیری و پشتگیریی ڕووسیا ڕوو دەدات. گرینگترین ئامانجی تورکیا لە مانەوەی لە خاکی سووریا کۆتایی هێنانە بە دزە و نفووزی هێزەکانی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات ناسراو بە پەیەدە لە سنوورەکانی تورکیایە.

ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و کوردی سووریا

توێژەری کاروباری سووریا لەبارەی ئەنجامی دانوستانی نێوان کورد و دیمەشق دەڵێت: دەوڵەتی ناوەند ڕەتی دەکاتەوە هیچ جۆرە ئیمتیازێک یان خۆبەڕێوەبەرییێک بە کوردەکان و ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا بدات. لە لایێکی دیکەوە ستراتیژی دوژمنانەی میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی سووریا و نمایشی سیاسیی دیمەشق دژی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا زیادی کردووە بۆ ئەوە کاریگەری بکاتە سەر داواکارییەکانی کوردەکان.

ناوبراو زیادی کرد: تاکە ئیمتیاز کە دەوڵەتی سووریا ئامادەیە بە کوردی بدات کۆمەڵێک شتی سیمبۆڵی وەک بابەتی کەلتووری و ئیداریی سنووردارە لە چوارچێوە مەرکەزیەت.

مامۆستاکەی زانکۆی لۆزانی سویس لە کۆتاییدا باسی ئاستەنگەکانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق دەکات و دەڵێت: دانوستانی نێوان دەوڵەتی سووریا و بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات هیچ پێشکەوتنی نەبووە. بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە کێشە و ئاستەنگی گەورە هەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشێ و نموونەیێکی کێشەکەش ئەوەیە دیمەشق دان بە مافی کورد و سیستەمی سیاسیی فیدراڵیدا نانێت.