١٩ کانونی یەکەم ٢٠٢٠ - ١٤:٠٤
تورکیا 8 گوندی سنووری زاخۆی بۆردوومان کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ جارێکی دیکە بەچڕی ھەشت گوند و ناوچەی سنووریی ھەردوو شارۆچکەی باتیفا و دەرکاریان لە قەزای زاخۆ بۆردوومان کرد.

کوردپرێس:

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی رووداو کە لە شایەتحاڵان و گوندنشینانی ئەو ناوچانە دەستی کەوتووە، لەڕێگەی فڕۆکە و تۆپخانەکانەوە ئەو هەشت گوندە تۆپباران و بۆردوومان کراون.

بە گوتەی نزار مەجید، دانیشتووی ناحیەی باتیفا ئەو شوێن و ناوچانەی شەوی رابردوو لەلایەن تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومان و تۆپباران کراون لە دەوروبەری بێگوڤا و باتیفا، بریتین لە؛ ریسێ و شێدنە کە دەکەونە باکووری ناحیەی باتیفا، کالگهۆڕێ و بەرانشێ کە بە دووری یەک کیلۆمەتر دەکەوێتە کۆمەڵگەی بێگوڤا، هەروەها خیزاڤا و گوندی مەلا عەرەب و بانکێ و منینێ و ئەڤلەهێ، ئەوانیش دەکەونە باکووری رۆژئاوای باتیفا.

تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە گوتەی شایەتحاڵەکان ترس و دڵەڕاوکێیەکی "زۆری" بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە.

بۆردوومانەکە لەکاتێکدایە کە شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیایان کرد و یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکانی کازمیدا باس کرابوون، پرسی ناوچە سنوورییەکان بوو.

لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری ئامێدی، جگە لە زیانە ماددییەکان، 33 کەسی سڤیل لە سنووری ئامێدی گیانیان لەدەستداوە. بەشێکی زۆریش لە هاونیشتمانیان گوندەکانیان چۆڵکردووە.

News Code 378

Your Comment

You are replying to: .
captcha