مەسعوود بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەددین پێشوازیی لە "ماتیو تولەر"، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدیدارەکە دا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارزانی کرد.

هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا هیوای ئەوەی خواست کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیریی لە عێراق و راستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی. جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ستراتیژییە و یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.

هەر لەو کۆبوونەوەیە بیروڕا لە بارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لەسەر رەچاوکردنی پڕەنسیپی شەراکەتی راستەقینە کرایەوە.

بارودۆخی سووریا و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە تەوەری دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.