بە هاتنە سەرکارى حکوومەتى تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەتی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێم درێژەی پێدەدرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتین یێگەر، باڵیۆزى تازەى ئەڵمانیا لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/10/26 لە کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزى تازەى ئەڵمانیادا هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامەکانى و خوێندنەوە و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات، برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان و دۆخى عێراق بەگشتى، تاوتوێ کران.

باڵیۆزى ئەڵمانیا دڵنیایى دا و دووپاتى کردەوە کە دواى هەڵبژاردن و بە هاتنە سەرکارى حکوومەتێکى تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەت و مامەڵەى ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان وەک خۆى درێژە دەکێشێت و وڵاتەکەى لە پشتگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان، هەروەها وەک ئەندامێکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش بەردەوام دەبێت. ئاماژەى بەوەش دا کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە بۆ چاکسازى و یەکخستنەوەى پێشمەرگە کار دەکەن و ڕۆڵى  سەرۆکى هەرێمى کوردستانى لەمبارەیەوە بە گرنگ لە قەڵەم دا.

لاى خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى پیرۆزباییى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن بۆ  باڵیۆزى ئەڵمانیا، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەڵمانیا دەربڕى و دووپاتى کردەوە کە هاوکارى و پشتگیریى سەربازى، مرۆیى و سیاسیى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامیى پشتگیریى ئەڵمانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە مایەى خۆشحاڵى و گرنگ و پێویست زانى.

پێشهاتەکانى ئەفغانستان، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە  کونسولى گشتیى ئەڵمانیا تیایدا ئامادە بوو.