مەسروور بارزانی جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر لە عێراق دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و چەند پرسێکیان لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق گفتوگۆیان دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کرد و پشتیوانیی ئەمریکاشی بۆ عێراقێکی فیدرال و سەقامگیر و خاوەن سەروەری  دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم وێڕای سوپاس کردنی پشتیوانیی ئەمریکا، جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر کردەوە کە ماف و خواستەکانی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، چارەسەر بکات.