نێچیرڤان بارزانی: دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بە خۆسەپاندن نەبووە/ مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم لە چوارچێوەی فیدراڵیدا نیە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵات لە هەرێمى کوردستان بە خۆسەپاندن نەهاتووە و بە هەڵبژاردن هاتووە، خەڵک متمانەى پێداوە. بەغداش بە شێوەی مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و مامەڵەکەی لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا نیە.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 26ی ئەکتەوبری 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە – مێری پێشکەشی کرد ئاماژەى بەوە کرد کە دەسەڵاتى ئەمرۆی کوردستان لە میللەت وەریگرتووە و خۆی نەسەپاندووە، دەستپێشخەری ئەم ئەزموونەمان کردووە و بنیاد ناوە، بەڵام ئەگەر بڵێم کەموکوڕیمان نییە راست نییە، بەڵام ئێمە لەسەر رێگایێکى راست بەرەو ئایندەیێکى گەش هەنگاو دەنێین.

سەبارەت بە دۆخی عێراقیش سەرۆکى هەرێم دەڵێت، عێراق وڵاتێکە زۆر بە ئاسانی دەتوانین بەمشێوەیە وەسفی بکەین، سوننەکانی عێراق بە بەردەوام ترسیان لە داهاتوو هەیە، شیعەکان بەردەوام باسی رابردوو دەکەن و ترسیان لە رابردوو هەیە، کورد لە عێراق ترسی لە رابردوو، ئێستا و لە ئایندەش هەیە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرفتی سەرەکی دەسەڵاتداریەتی لەعێراق ئەوەیە دەسەڵات لەلای حکوومەت نیە و کەسی یەکەمی حزبەکان بەشدار نین لە حکوومەتدا، هەروەها مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم لەچوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیدا نییە و زیاتر مامەڵەیێکی مەرکەزییە.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، کەمی ڕێژەی بەژداریکردن لە هەڵبژاردنەکان زەنگێکە بۆ لایەنە سیاسییەکان کە خەڵک شایستەی زیاتره لەوەی کە بۆی پێشکەش دەکرێت لەڕووی بەڕێوەبەردن وخزمەتگوزارییەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراقەوە زیادیشی کرد: "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەم هەڵبژاردنە لە رووی تەکنییکییەوە یەکێکە لە باشترین هەڵبژاردنەکان".

شایانی باسە ئەمڕۆ سێشەممە؛ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەبەشداری هەریەکە لە سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، باڵێوزانی ئەمریکا، روسیا، کەنەدا، ئێران، تورکیا لە عێراق و نوێنەران و دیبلۆماتکارانی نێودەوڵەتی و کەسایەتیی دیاریی حزبە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەشت تەوەر لەخۆ دەگرێت.