لە 10 مانگدا 37 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە کۆچیان کردووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیێنێت، لە 10 مانگی سەرەتای 2021دا 37 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "بەھۆی قەیرانەکان و ناسەقامگیرییەوە لە ماوەی 10 مانگی سەرەتای ساڵی 2021دا 37 ھەزار کەس ھەرێمی کوردستان و عێراقیان بە جێھێشتووە و کۆچ کردنیش بەردەوامە".

ئاری جەلال ئاماژەی بەوەکرد، لەو ماوەیەدا 10 کۆچبەر بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 12 کۆچبەریش بێسەروشوێنن.

بەپێی ئاماری دەزگای لووتکە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا 633 ھەزار و 273  کەس لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کۆچیان کردووە و لە رێگەی کۆچبەریشدا 261 کەس گیانیان لەدەست داوە.