دیزاینی بازنەكانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی پارتی و سەدرییەكان و تەقەدوم بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکى خولى پێشووى پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنێت هۆکارى یەكەم بوونی پارتی و سەدر و حەلبوسی لە هەڵبژاردنى پێشوەختە، شێوازی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەش کردنی کورسییەکانی بەرکەوتەی پارێزگاکانە بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردندا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن بە دڵخوازی سێ لایەن" ئاماژەی بەوەکردووە: دەرەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/ ١٠ی عێراق تا ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە و باس لە ژمارەیەک ھۆکار دەکرێ بۆ ناھاوسەنگیی دەرەنجامەکان و لەوانەش فەرامۆش کردنی تەکنیکی گونجاوی ھەڵبژاردن لەگەڵ سیستمی نوێی ھەڵبژاردن، کە ھەموو ئەو ھۆکارانە راستییان تێدایە.

ناوبراو درێژەی داوە: بەڵام ھۆکارێکی گرنگی تر سەرنج نەدراوە کە رۆڵی گەورەی ھەبووە لە زیاد بوونی نائاسایی کورسییەکانی سێ ھێزی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان کە ئەوانیش کوتلەی سەدری و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی تقدم-ن، کە ئەویش شێوازی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەش کردنی کورسییەکانی بەرکەوتەی پارێزگاکانن بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەوەشی خستەڕوو: لە خۆڕا نییە ئەم سێ ھێزە ھەر یەکەیان براوەی یەکەمی ھەر سێ پێکھاتەکەی عێراقن، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبوون کە ئەوان رێکەوتنی کۆتاییان کرد لەسەر چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک و، دواتریش ھەندێ کوتلەی تر لێرەو لەوێ رازی کران.

یوسف محەمەد لە پەیامەکەیدا ڕوونیشی کردەوە: بۆ نموونە بازنەی دووی ھەولێر لە سێ قەزای دوور لە یەکی دابڕاو دروست کرا بۆ ئەوەی کاریگەریی دەنگی ھێزەکانی تر و لە ناویشیان یەکێتی لە قەزای کۆیە لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پارێزگای ھەولێر کەم بکاتەوە.

ئەندامە پێشووەکەی پەرلەمانی عێراق زیادی دەکات ئەمە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش راستە، پێویستە کەسانی شارەزا لێکۆلینەوە لەوە بکەن کە بازنەکانی ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی تری عێراق و بەغدای پایتەخت چۆن دیزاین کراون کە بۆ نمونە گەڕەکەکانی شاری سەدر دابەش بکرێن بەسەر گەڕەکەکانی تری بەغدا بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی کوتلەی سەدری زیاتر بێت.

ناوبراو وتیشی دەبوو بازنەکانی ھەڵبژاردن لە لایەن دامەزراوە و کەسانی شارەزا و بێلایەن دیزاین بکرانایە بۆ ئەوەی دادپەروەرتر و واقیعییانە تر بن.

News Code 3817

Your Comment

You are replying to: .
captcha