بەرهەم ساڵح:  هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر دیالە هەوڵێکی چەپەڵە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەمان
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، هێرشەکەی داعش بۆسەر گوندێکی قەزای شارەبان لەپارێزگای دیالە هەوڵێکی چەپەڵە بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە توویتەر پرسەنامەیێکی ئاڕاستەی کەسوکاری رووداوەکە کردووە و ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەو رووداوە تیرۆرستییەی خەڵکی ئێمەی لە دیالە بە ئامانج گرتووە هەوڵێکی چەپەڵە بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی وڵاتەکەمان، بۆیە ئەو رووداوە دەخوازێت هەمووان یەکڕیز بن و پشتیوانی هێزە ئەمنییەکان بکەن.

بەرهەم ساڵح دەشڵێت هەروەها ئەو ڕووداوە دەخوازێت بۆشایی و ناکۆکی نێوان لایەنەکان نەهێڵرێت و مەترسییەکانی تیرۆریش بەکەم سەیر نەکرێن.

سەرۆک کۆماری عێراق داوا دەکات هەوڵی نیشتیمانیانەی دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامی هەبێت بۆ کێوماڵ کردنی پێگەکانی داعش لە هەموو ناوچەکاندا.

شایانی باسە ئەمشەو گرووپی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندێکی قەزای شارەبان (مقدادییە) لە پارێزگای دیالە و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان هێرشەکە کوژراونی 11 کەس و برینداربوونی 12 کەسی دیکەی لێکەوتەوە.