نێچیرڤان بارزانی: کەمبوونی ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکاندا پەیامێکی روونی خەڵک بووە کە لە حوکمڕانی ڕازی نین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداری کردنی لە دیداری مێری وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە، لەبارەی هەڵبژاردنی 10-10-2021ی عێراق و لەبارەی ئەو رێژەیە لە خەڵک کە بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکرد، گوتی: "ئەوە پەیامێکی روونی خەڵک بووە بۆ دەسەڵاتداران کە لە سیستەمی حوکمڕانی رازی نین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق زیاتر ڕایگەیاند: بابەتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق، بە بۆچوونی من ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە لە عێراق کراوە، دەتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە یەکێک بووە لە باشترین هەڵبژاردنەکان لەڕووی تەکنیکییەوە، لەڕووی بابەتی ساختەکاری و ئەوانەوە، یەکێک بووە لە باشترینیان.

ناوبراو جەختی کردەوە بە دڵنیاییەوە گلەیی هەیە، خەڵکانێک گلەییان لە پرۆسەکە و ئەنجامەکەی هەیە، من پێموایە ئەوانیش حەقی خۆیانە و دەبێت بۆچوونی ئەوانیش بە نەزەری ئیعتیبار وەربگیرێت، بەڵام ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراق لە ساڵی 2003 تاوەکوو ئێستا، پێموایە ئێمە قۆناخێکی زۆر باش بەرەو پێشەوە چووین.

بارزانی ڕاشیگەیاند ئەوەی کە گرنگە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەگشتی، ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە سەیری رێژەی بەشداربووان بکەین لە هەڵبژاردن، دەتوانم بڵێم لە هەموو عێراق بەشێوەیەکی گشتی، رێژەکە کەم بووە، ئەم کەمبوونی رێژەش دەکرێت ئێمە وەکو زەنگێک وەریبگرین، زەنگێک کە خەڵک ئەوەی کە دەیەوێت زۆر زیاترە لەوەی کە ئەمڕۆ و ئێستا دەکرێت، خەڵک شایستەی ئەوەن ژیانێکی باشتریان هەبێت، پەیامی خەڵکەکە روونە کە دەیانەوێت شێوەی بەڕێوەبردن باشتر بکرێت، شێوەی خزمەتگوزاری باشتر بکرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: هیوادارم هەموو سیاسییەکانی عێراق ئەمە وەکو دەرفەتێک وەربگرین بۆ خۆگونجاندن و باشترکردنی ئەدائی خۆمان لە هەموو روویەکەوە.

News Code 3835

Your Comment

You are replying to: .
captcha