جووڵە تیرۆریستییەکانی داعش لە عێراق زیادی کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جووڵە تیرۆریستییەکانی داعش لە عێراق زیادی کرد و جارێکی دیکەش چەکدارانی داعش لە شارەبان هێرشی کردووەتەوە و  کوژراو و بریندار هەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق روکن عەلی فرێجی، فەرماندەی بارەگای پێشکەوتوو لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی سوپای عێراق بەرپەرچی هێرشێکی چەکدارانی داعشیان داوەتەوە لە ناوچەی هێزەکانی 45ی پیادە و زیانێکی گەورەیان لە داعشەکان داوە.

فەریق روکن عەلی فرێجی، جەخت لەوە دەکاتەوە، ئاسایشی هاووڵاتیانی کەرکووک هێڵی سوورە، سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بەبێ جیاواز لە خزمەتی خەڵکی کەرکووک دان.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دوو خۆکوژ لە کەرکووک دەستگیرکران، عەلی حوسێنی، گوتەبێژی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی چوارشەممە 27-10-2021 پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگریی، لە بۆسەیەکدا هێزەکانی لیوای 16ی حەشدی شەعبی لەسەر رێگای گشتی بەغدا و لەبەرامبەر ناحیەی تازە لە باشووری کەرکووک، دوو خۆکوژیان دەستگیرکردووە و بەنیازبوون "خۆیان بتەقێننەوە و کردەووە تیرۆریستی ئەنجام بدەن."

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دیالە راگەیاند، شەوی رابردوو لە ناوچەی پەروانە لە رۆژهەڵاتی قەزای شارەبان لە هێرشێکی چەکداریدا هاووڵاتییەک کوژراوە و پۆلیسێک برینداربووە.

هەروەها شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، کامێراکانی چاودێری لە کەناری رووباری دیجلە لە نێوان ناوچەی تارمییە و راشدییە لە باکووری بەغدا تێبینی پەڕینەوەی دوو "تیرۆریست"یان کردووە، بۆیە هێزەکانی فرقەی 11ی سوپای عێراقی تەقەیان لێکردوون و گەمارۆیان داون. دواتر بەهۆی چڕی دار و رووەک لە ناوچەکەدا هێلیکۆپتەر بەکارهێنراوە و لە نێوی بردوون.

شەوی سێشەممە 26-10-2021، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشادی قەزای شارەبانی سەر بە پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا بە دووری 90 کیلۆمەتر.

دوای هێرشەکە، موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەدا 11 کەس کوژران. وەکوو پارێزگای دیالە روونیکردەوە، چەکدارانی داعش بۆسەیەکیان بۆ ماڵێک داناوە و کردوویانەتە ئامانج. خەڵکیش چوونە بە هانای ئەو خێزانەوە و پێکدادان دروستبووە.

هەروەها سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە، فارس عەزاوی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی پارێزگای دیالە رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی شەوی رابردووی گوندی رەشادی سەر بە قەزای شارەبان گەیشتووەتە 15 کوژراو و زیاتر لە 15 بریندار.

News Code 3837

Your Comment

You are replying to: .
captcha