ئەگەری هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکە و هێزە کوردیەکانی سووریا؛ جۆ بایدن گوشار بخاتە سەر تورکیا

بەشی جیهان- ئانتۆنی ئاویس دوبوسون لەبارەی شێوازی تەعامولی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و کوردەکانی سووریا بە کوردپرێسی وت: ئەگەری هەیە جۆ بایدن گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات. هەڵبەت ئەگەری ئەوەیش هەیە ئەمریکا بیەوێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەرێوبەرایەتیی خۆسەر فراوانتر بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوشاری تورکیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ نزیک بوونی چوونەدەرەوەی ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی حکوومەتی نوێ لە ئەمریکا لەلایەن جۆ بایدنەوە، زیاتر بوووە و ئەم بابەتەش بەتایبەت بە تۆخ بوونی پێکدادانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەگەڵ هێزە کوردەکان لە عەین عیسا، گومانەکانی بۆ هێرشێکی دیکەی بەربڵاوی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا هاوکات لەگەڵ دەستپێکی پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریکا، زیاتر کردووە.

ئاژانسی کوردپرێس، بۆ تاوتوێ کردنی ئەم پرسە و هەروەها هەڵویستی جۆ بایدن هەمبەر کوردەکانی سووریا و حکوومەتی تورکیا دیمانەیێکی لەگەڵ ئانتۆنی ئاویس دوبوسون شرۆڤەکاری پرسی کورد ئەنجام داوە.

ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کورد هاتنە سەرکاری جۆ بایدن

دوبوسون لەبارەی مەیلی ئەردۆغان بۆ هێرش کردنە سەر کوردانی سووریا بە کوردپرێسی وت: «هیچ گومانێک نییە کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە بێ هەڵویستیی دەسەڵاتی ترەمپ هەمبەر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەڵکی وەرگرتووە. بۆ نموونە هەر ئەم یەک ساڵەی پێش ئێستا، ئەردۆغان بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ترەمپ فەرمانی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی بەناوی کانی ئاشتی لە دژی کوردەکانی سووریا دەرکرد و هێزەکانی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو شاری گرێ سپی و سەرێ کانی-یان کونترۆڵ کرد. ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو ناوچەیە و کارەساتە مرۆییەکانی پاش ئەو هێرشە لەڕیزی جەند نموونەی پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەییەکاندا بوون. بێهەڵویستیی ترەمپ هەمبەر هەڵمەتەکانی ئەردۆغان تەنها دەرخەری لاواز بوونی بەڵێنەکانی ئەمریکایە بۆ خەڵکی باکووری سووریا. ترەمپ تەنها پاش گوشاری سیاسی کۆنگرێس ئامادە بوو ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئەردۆغان واژۆ بکات و دەرفەتێک درایە هێزەکانی ئەمریکا کە لە حەسەکە و دەیرەزوور جێگیر بکرێت ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی سەرچاوە نەوتییەکان.»

ناوبراو لەبارەی کاریگەریی هەڵبژاردنی جۆ بایدن لەسەر دۆخی کورد و تورکیا زیاتر وتی: «سەرکەوتنی جۆ بایدن سەرۆکی هەرڵبژێردراوی ئەمرکیا بەسەر دۆناڵد ترەمپدا نیشاندەری تێپەڕینی سیاسەتی ناڕوونی ئەمریکایە لە سەردەمی ترەمپ. جۆ بایدن ڕوونی کردۆتەوە کە پێداگرە لەسەر پشتگیری کردنی مافی مرۆڤ و دیکتاتۆریەت؛ لەوان هەڵمەتەکانی ئەردۆغان قبووڵ ناکات. ناوبراو هەروەها پێشێل کردنی بەردەوامی مافی مرۆڤ لەوان هەڵمەتەکانی ئەردۆغان و هێرشی ئەو بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای ئیدانە کردووە. جێگیر بوونی دووبارە هێزەکانی ئەمرکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرنامەی حکوومەتەکەی ئەردۆغان بۆ باکووری سووریا هەڵدەوەشێنێتەوە.»

دوبوسون هەروەها ئاماژەی دابە گرژیی ئەمدواییەی هێزە کوردەکانی عێراق لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و هێزە کوردەکانی سووریا و وتی: «بەوپێیە، دەرفەتەکە خەریکە کۆتایی پێدێت و ئەردۆغان قۆستنەوە دەکات لە هێزەکانی سەربە وڵاتەکەی لە سووریا و هەروەها کەڵک وەردەگرێت لە ناکۆکیی ناوماڵی کورد وەکوو هێری پێشمەرگەی ڕۆژ، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هێزە کوردەکانی سووریا و چەکدارانی پەکەکە و ئەمانەش بۆ گوشار خستنە سەر ناوچەی خۆبەڕێوەبەری سووریا بەکار دێنێت. هێرشی تورکیا بۆسەر کۆبانی و عەین عیسا بە ئەگەری زۆرەوە ڕوودەدات. پرسیار ئەمەیە ئەردۆغان ئەم قومارە و گەمارۆکانی حکوومەتی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن بەگیان دەسێنێت.»

پێکدادانی نێوان پەکەکە و هێزەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق

ئەم نووسەرە کە بە ڕەچەڵەک ئەفریقییە لەبارەی هۆکارەکانی گرژیکەوتنە نێوان پەکەکە و هێزە کوردەکانی عێراق دەڵێت: «پەکەکە لە دوو دەیە پێشەوە واتا لە 90ەکانەوە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دەستی داوەتە ئۆپەراسیۆنی سەربازی. لەم ماوەیەشدا پێکدادانی ناوەناوە لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و پێشمەرگەکانی پارتیدا ڕوویداوە. ئەم گرژیانەش لەسەر شێوازی حوکمڕانی لە ناوچەیێکی کوردنشیندایە. هۆکارێکی دیکەی گرژییەکان هاوکاریی نزیکی پارتی دیموکرات لەگەڵ حکوومەتی تورکیایە لە خاکی هەرێمی کوردستان کە مۆڵەتی بە ئەنقەرە داوە دژ بە پەکەکە لەو ناوچەیەدا ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووری ئەنجام بدات. پەیوەندی گەرمی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیەتی، هەرێمی کوردستانی لەپێگەی وابەستەیی بە تورکیا لەباری سەرمایەدانەری داناوە. ئەموتابەستەییە زیاد لە حەدەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە وڵاتی تورکیا بۆ پشتگیریە سیاسی و ئەمنیەتییەکان بووەتە هۆی دوژمنایەتیی زیاتر لەگەڵ پەکەکە بەچەشنێک کە پەکەکە پارتی دیموکرات بە بەشێک لە دەزگای ئەمنیی تورکیا دەزانێت. پەکەکە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی لەوان کوشتنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیای لەم ناوچەوە ئەنجام داوە. هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ یارمەتی هێزە ئەنییەکانی تورکیا دەدەن دژ بە هێزەکانی سەر بە پەکەکە بەتایبەت لە دهۆک».

ناوبراو زیاتر وتی: «بەم حاڵەشەوە، هێزەکانی ئاسایشی تورکیا هاووڵاتییانی سڤیل لەوان دانیشتووی کەمپەکان دەکەنە ئامانج. ئەم بابەتەش لەلایەن میدیاکانی هەرێمەوە ڕووماڵ نەکراوە و تەنها چەند میدیایێکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی باسی لێوە دەکەن. گیان لەدەست دانی هێزەکانی پێشمەرگە و گرژی لەنێوان هێزە کوردییەکاندا پاشهاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەربڵاوی تورکیا و پەکەکە-یە.»

ئانتۆنی ئاویس دوبوسون ئاماژە دەدات بە بەرەی هاوبەشی پارتی و تورکیا دژ بە پەکەکە و دەڵێت: بۆ تورکیا شەر لە دژی پەکەکە بیانوویێکە بۆ بەرتەسک کردنی مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن کوردەکانی تورکیاوە. بەکار هێنانی ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان یەک لە ستراتێژییە فراوانەکانی ئەنقەرەیە بۆ ڕێگری کردن لە تەرکیزی کوردەکان لەسەر سەربەخۆییە. تورکیا ئەم هەڵمەتە لەلایەن کوردەکانەوە بە هەڕەشەیێک لەدژی ئاسایشی خۆی دەزانێت. لەبارەی هەرێمی کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پەکەکە بە هۆکارێک دەزانێت بۆ کاریگەریی لەسەر خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمدا و بەرژەوەندیی لەوەدایە کە سنوورێک بۆ پەکەکە دیاری بکرێت. ئەم بابەتەش بەتایبەت لەو کاتەوە هەرێمی کوردستان پاڵی داوەتە مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانی لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە گرنگایەتیی زیاتری هەیە.»

تواناکانی جۆ بایدن بۆ پاراستنی کوردانی سووریا

ئانتۆنی ئاویس دوبوسون لەبارەی شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتی جۆ بایدن لەگەڵ پرسی کوردەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: حکوومەتی جۆ بایدن داخڵی ناوچەیێکی ئاڵۆز دەبێتەوە کە کێشەیێکی پێچەڵاوپێچی هەیە. بۆ حکوومەتەکەی بایدن تورکیا وەکوو هاوپەیمانێکی ئەندامی ناتۆ، بەتایبەت هەمبەر ڕووسیا دێتە ئەژمار. جودا لەوەی کە ئەم عەقڵیەتە دروست بێت یان هەڵە، واشنتن ئاوڕ لەم بابەتە دەداتەوە و جۆ بایدن بە لەبەرچاو گرتنی ئەم بابەتە بەدوای دروست کردنی هاوسەنگییدایە. هێزەکانی سووریای دیموکرات ئێستاش هاوبەشی خۆجێیی هاوپەیمانن لەشەڕی دژ بە داعش. بە ئاوڕدانەوەی لەوەی کە ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش چیدی بیانوویێکی باش نییە بۆ درێژەدان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەم وڵاتە دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا بکات».

ناوبراو لەبارەی بژاردەکانی جۆ بایدن بۆ تەعامول لەگەڵ کوردەکانی سووریا و حکوومەتی تورکیا بۆ چارەسەر کردنی پرسەکان وتی: « مومکینە جۆ بایدن باشتر بوونی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەڵبژێرێت لە بەرامبەر لەدەست دانی هێرەکانی سووریای دیموکرات. هەڵبەت ئەمەش لەکاتێکدایە کە جۆ بایدن پێبەندی بەڵێنەکانی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاکەڕەوی لە جیهاندا، نەبێت. بەمەشەوە جێگرەوەیێک کە جۆ بایدن دەتوانێت هەڵیبژێرێت –و بەڕای من ئەگەریی زۆرە- ئەمەیە کە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر بکات. ناوبراو مومکینە گوشار بخاتە سەر تورکیا بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوود لەم بابەتە ببات هەڵبەت ئەمانەش هەمووی ئەگەرەکانن.»

لە کۆتاییدا ئانتۆنی ئاویس دوبوسون جەختی کردەوە: «گەورەترین بابەت بۆ جۆ بایدن لەبارەی سووریا ڕووبەڕوو بوونەوەی گەورەتر و پەیوندیی ئەمریکا و تورکیایە. ئەم بابەتگەلە بە ئاسانیی چارەسەر نابن. بەتایبەت کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەوڵەکانی ترەمپ لاواز بووەتەوە. مومکینە کاتی ئەوە گەیشتبێت کە ئەمریکا بەدوای وڵاتێک دیکەدا بێت لەبری تورکیا پەیوەندیی قووڵی لەگەڵ دروست بکات. بزووتنەوە جیاوازەکانی کوردی سووریا و ئەوانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ناتوانن ئەکتەری گرینگ بن لەو کەشە سیاسییەدا بەڵام ئەوان ئێستایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا سەنگیان هەیە».

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 384

Your Comment

You are replying to: .
captcha