لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا حکوومەتی هەرێم مووچەی 21 هەزار کەسی ڕاگرت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا 21 هەزار مووچەمان راگرتووە و 11 هەزار مووچەی نایاساییشیان بەتەواوی بڕیوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە بە میدیای پارتی-ی راگەیاند، لە پرۆسەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا 21 هەزار مووچەیان راگرتووە و 11 هەزار مووچەی نایاساییشیان بەتەواوی بڕیوە و ڕاشیگەیاند لە قۆناخی دووەمی بایۆمەتریدا کۆدی بێهاوتامان بۆ 460 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر دروست کردووە.

عەبدولحەکیم خەسرەو زیادی کرد: "هەر لە پرۆسەی چاکسازیدا لیواکانی پێشمەرگە گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دوو هەزار و 442 پێشمەرگەی خانەنشینیش گواستراونەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و دۆسیەی هەزار و 18 شەهیدی شەڕی داعشیش گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان".

لەبارەی ئەو قەرزانەی حکوومەتیش کە لای وەبەرهێنەرانە، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکوو ئێستا نۆ ملیار دینارمان لە قەرزی وەبەرهێنەران وەرگرتووەتەوە و ئەوانەشی کە قەرزەکانیان نەگەڕاندووەتەوە، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر.