کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کورد لە سووریا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە کە تورکیا و گرووپە چەکداریەکان ئەمجارە هێرش بکەنە سەر تەلڕەفعەت، ڕایگەیاند: تورکیا و ئەردۆغان هەرکاتێک هەڕەشەی زارەکیی دەکەن ئێمە بە جیدیی وەریدەگرین بەتایبەت کە ئێستا هەندێک ناوچە وەکوو تەلڕەفعەت، مەنبج و کۆبانێ لە مەترسیدان.
ناوبراو درێژەی دا: ئەردۆغان دژی هەموو چەشنە دەسەڵاتدارێتیی کوردە و لە هەموو ئامێرێک کەڵک وەردەگرێت بۆ لەناوبردنی کورد. لەم نێوانەشدا ڕووسیا لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی تورکیا هەنگاو هەڵدەگرێت. تورکیا دوو ئامانجی لە کوردستانی سووریا هەیە ئەوەش داگیرکاری و گۆڕینی دیموگرافیایە.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر ئەمریکا و ڕووسیا گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵنەکەن تورکیا توانای هێرش کردنی بۆسەر باکووری سووریا نابێت. تورکیا چاوی تەماحی بڕیوەتە خاکی کوردان و ئامانجی داگیرکارییە و ئەوەش دەزانێت کە کاتی کۆتایی هاتنی گرێبەستی لۆزانە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ وڵات داگری.
کۆفان کەنعۆ جەختی کردەوە: پێویستە هەموو ئەتنیکەکانی باکووری سووریا یەکبگرن و دانوستانی کورد-کوردیش بگاتە ئەنجام تا هەمووان بۆ بەرگری کردن لە دەسکەوتەکانی باکووری سووریا هەمبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا ئامادە بن.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: لە سووریا بۆ ئامادە بوون بۆ هەر بارودۆخێک، پێویستە بەڕێوەبەریی خۆسەر هاوسەنگیی دروست بکات لە پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و کەڵک لە هەموو شتێک وەربگرن بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە.
Your Comment