تورکیا ناتوانێت مۆڵەتی هێرشکردنەسەر باکووری سووریا لە بایدن وەربگرێت

بەشی سووریا- شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسی کوردی سووریا دەڵێت: هێشتا تا ئەم کاتەش دیار نییە کە تورکیا توانای هێرش کردنی بۆسەر باکووری سووریا هەیە یان نا؛ هێزە نێودەوڵەتییەکانیش هێشتا ڕەزامەندییان بۆ ئەو هێرشە نیشان نەداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، "جمعە محمد" شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسی کورد لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئەگەری هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا بۆسەر باکووری سووریا و وتی: هەر لەسەرەتای قەیرانی سووریاوە تورکیا بەدوای جێبەجێ کردنی سیاسەتی پاوانخوازانە و داگیرکارانەی خۆی بووە و کەڵک لە هەموو ئامێرێک وەردەگرێت بۆ سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە.

ناوبراو وتیشی: تورکیا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لەوان ئاسایشی نەتەوەیی دەیهەوێت کرۆیدری سنووری باکووری سووریا داگیر بکات و لەم چوارچێوەیەشدا عەفرین و ترابلۆس و گرێسپی و سەرێکانیی داگیر کرد.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا دەرفەتەکە بۆ هێرش کردن گونجاو دەبینێت و لەم ماوەیەشدا هەڕەشەی زارەکیی زیاتر کردووە. لە بەرامبەردا ئێمە خۆمان بۆ بەرگری کردن لە وڵاتەکەمان ئامادە کردووە و هێزەکانمان لە چەند ناوچە لەوان تەلڕەفعەت و کۆبانێ و مەنبج کۆ بوونەتەوە.

جومعە محەمەد وتیشی: بیست ڕۆژە کە تورکیا هەڕەشەی هێرش کردن دەکات بەڵام تائەو کاتەی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و ڕووسیا بەدەست نەهێنێت توانای هێرش کردنی نییە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە ئاشکرای کرد: تورکیا چەند کێشەی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئیس-400، فڕۆکەی جەنگیی ئیف-35 و ئیف-16 هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ئیدلیب و ڕێگای ئیم4 ناکۆکە. بۆ ئەردۆغان سەخت نییە کە مل کەچ بکات و پا بە بەرژەوەندییەکانیدا بنێت تاکوو مۆڵەتی هێرش کردن بۆسەر کوردستانی سووریا بەدەست بهێنێت بەڵام تا ئەم کاتەش نەیتوانیوە.

شرۆڤەکاری پرسە سیاسییەکان وتیشی: ئەمڕۆ بڕیار وایە لەچوارچێوەی لوتکەی 20دا ئەردۆغان و بایدن کۆ ببنەوە و ئەردۆغان داوای مۆڵەتی هێرش کردن لە بایدن بکات بەڵام بەبڕوای ژمارەیەکی زۆر لە شرۆڤەکاران بایدن ئەو مۆڵەتە بە تورکیا نادات.

ناوبراو وتیشی: خەڵکیش لە هەڵمەتەکانی تورکیا ناڕازی و تووڕەن و خەڵکی ئەم ناوچەیە تورکیا وەکوو وڵاتێکی داگیرکەر دەناسن چوونکە تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەر ناوچەیەک، دانیشتووانی ڕاستەقینەی ناوچەکە دەردەکات و کەسان و بنەماڵەی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا جێگیر دەکات.

جومعە محەمەد ڕاشیگەیاند: ئیدارەی خۆسەر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان هەمیشە بەدوای گفتوگۆ و ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانەدا بووە لەگەڵ هەموو لایەنەکان و هەوڵ دەدات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نەپچڕێنێت.

News Code 3876

Your Comment

You are replying to: .
captcha