وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست: کورد دۆڕاوی گەورەی یارییەکەی سووریایە

بەشی جیهان- وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەنووسێت: ئەمریکا کوردی بەکار هێنا بۆ شەڕی داعش و تورکیاش بە بیانووی ئەوەی بەرپەرچی کورد دەداتەوە نفووزی خۆی لە سووریا زیاد کردووە و ڕووسیاش باڵی دەسەڵاتی خۆی بە سەر سووریا کشاندووە و دەوڵەتی ناوەندیی سووریاش ناوچەی ژێردەسەڵاتی نەیارەکانی خۆی وەرگرتەوە بەڵام ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەسکتر دەبێتەوە.

کوردپرێس:

وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی دۆخی سووریا و کاریگەریی هێزە جیاجیاکانی لە قەیرانی ئەو وڵاتە نووسیوە و هەوڵی داوە خوێندنەوەیێک بۆ ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو و براوە و دۆڕاوە سەرەکییەکانی قەیرانی سووریا بکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کوردەکانی سووریا سەربازی ئەوەی توانیویانە سەرەتا بەشێکی زۆر لە خاکی سووریا – بە یارمەتیی هاوپەیمانیی دژەداعش- بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان بەڵام ناوچەی ژێردەسەڵاتیان هەموو ڕۆژێک تەسکتر دەبێت و هەڵبەت ڕوئیای کوردەکان بۆ دەستستنی ناوچەی خۆسەریش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کزتر دەبێت.

لەو گۆڤارەدا ڕووسیا و تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا وەک براوە سەرەکییەکانی قەیرانی سووریا ناو براون و ڕوونیش کراوەتەوە کە تورکیا لە سێ ئوپەراسیۆنی سەربازیدا بەشێکی گەورەی خاکی سووریای داگیر کرد و کوردەکانی سووریای بە هەڕەشە دژی خۆی زانیوە بۆیە دەسەڵاتی کوردی سووریای سنووردار کردووە. ئەو گۆڤاری ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە پێشڤەچوونی تورکیا لە خاکی سووریا قەرزداری هاوکاریی ڕووسیا و بێدەنگیی ئەمریکا بووە کە هاوپەیمانی سەرەکیی کوردەکانی سووریایە.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕووسیا خۆی بە پاڵپشتی کورد دەناسێنێت و یەکێکە لەو ئەکتەرانەی کە یارمەتیی تورکیای داوە بۆ سنووردارکردن و دابەزاندنی دەسەڵاتی کوردی سووریا. لە ڕاستیدا هیچ کام لە هێزە کاریگەرەکانی سووریا پاڵپشتی کورد نین و هەر بەو بۆنەشەوە زۆر زەحەتە کە کورد دەستی بە داواکارییەکانی خۆی بگات.

وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کوردی سووریا بە دۆڕاوی سەرەکیی ئەو قەیرانە دەزانێت چوونکە لە لایێکەوە ئەمریکا نایەوێت بە تەواوی پشتگیریی کورد بکات و لە لایێکی دیکەشەوە دژی ڕێککەوتنی کوردەکان و دیمەشقە. واشەنتن لە میانی ئوپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا کە 2019 کردی خەیانەتی لە کورد کرد و بە کارشێکنی کردن لە دانوستانەکانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیدا ڕێگریی کرد لە ڕێککەوتنی کورد و دەوڵەتی بەشار ئەسەد. بۆیە کوردەکان ئێستاش هەڕەشەی تورکیایان لە سەرە و دیمەشقیش بۆ گفتوگۆ کردن جوابی کورد ناداتەوە و لە لایێکی دیکەشەوە پشتگیریی ئەمریکا بۆ کوردەکان ئاستی دابەزیوە.

ئەو وەرزنامەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا هەوڵی داوە لە نێوان کوردەکانی سووریا و دەوڵەتی تورکیا نێوەندگیری بکات بەڵام تورکیا کە هێزی کوردی سووریا و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات بە تیرۆریست ناو دەبات ئینتیما بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن ناکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی یەک لەو کارانەی کوردەکان بۆ مانەوەی خۆیان کردیان واژۆ کردنی گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیایێکی ئەمریکی بوو بەڵام ئەو هەنگاوەش بێ ئەنجام بوو چوونکە زۆربەی هێزە کاریگەرەکانی سووریا، کوردەکان و ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە نایاسایی سامانی نیشتمانیی سووریایان داگیر کردووە و تەنانەت ئیدارەی بایدەن ئەو ڕێککەوتنەی لە ناو بردووە.

وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت هەردوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا واتا دۆناڵد ترەمپ و باراک ئۆباما خەیانەتیان لە کوردی سووریا کرد و نووسیویەتی پێویستە چاوەڕێ بکەین بزانین جۆبایدەن ڕوانگەی دەگۆڕێت و لە میانەی هەڕەشەکانی تورکیا پشت لە کورد دەکاتەوە یان خەیر.

News Code 3881

Your Comment

You are replying to: .
captcha