لەبەرامبەر چاوچنۆکیی ئەردۆغان بێدەنگ نابین

بەشی سووریا- ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) ڕایگەیاند: چیدی هەموو دونیا دەزانن کە پێچەوانە دروشمەکانی ئەردۆغان، نییەتی ئەو ئتزادی و ئاسایش بۆ خەڵکی باکووری سووریا نەبوو، بەڵکوو ئەو بەدوای چاوچنۆکی و داگیرکاری لە سووریایە و بەردەوام لەسەر ئەم پرسە مکووڕ بووە کە بۆ زیندوو کردنەوەی ڕۆئیای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سنوورەکانی تورکیا تا حەلەب و کەرکووک و مووسڵ هەوڵ دەدات.

ئەحمەد شێخۆ ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پیلانی ئەردۆغان بۆ نیشتەجی کردنی 4 ملیۆن ئاوارەی سووریا لە نەواری سەر سنووری کوردستانی سووریا و وتی: ئەمە پیلانێکی لەمێژینەی ئەردۆغانە بۆ گۆڕینی دیموگرافی و پێکهاتەی حەشیمەت لە کوردستانی سووریا، تەنانەت ئەوانەش کە دانیشتوانی ڕاستەقینەی ئەم ناوچانەن لە زێدی خۆیان دەر دەکات.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم گۆڕانکارییانە تەنها لە ڕەهەندی حەشیمەتیدا نەبووە و ڕەهندی فەرەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریشی گرتۆتە بەر. لەم ناوچانەدا زمانی تورکی بووەتە زمانی فەرمی و بۆ کڕینی و فرۆشتنیش دراوی تورکیا کاری پێدەکرێت و تورکیا وەکوو ناوچەیەک لە ناوچەکانی خۆی بەم ناوچە داگیرکراوەدا دەڕوانن.

ناوبراو وتیشی: هەر لە سەرەتای شەڕی سووریاوە تورکیا بەدوای داگیر کردنی ناوچە کوردنشینەکان جێگیر کردنی چەکداران و تیرۆریستەکانی سووریا بووە کە لە ناوچەکانی دیکەی ئەم وڵاتە وەکوو حەما و غووتە کۆچ دراون. لە ئێستادا گرێسپی و سەرێکانی و عەفرین و ترابلۆس و ناوچەکانی تر بووەتە شوێنی تەڕاتێنی گرووپە تیرۆریستییەکان کە هەموویان لەژێر فەرمانی ئەردۆغاندان.

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) ڕاشیگەیاند هەمبەر داگیرکارییەکان بێدەنگ نابین و جەختی کردەوە: ئێمە هیچ کات لەبەرامبەر داگیرکاردنی وڵاتمان بێدەنگ نەبووین و بێدەنگیش نابین و چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆدا لەدژی دەوەستین.لە ئێستادا خەڵکی باکووری سووریا هەم لە ڕێگای خۆپیشاندان کە هەموو ڕۆژێک ئەنجامی دەدەن و هەم لە ڕێگای خۆپیشاندان لە دەرەوەی وڵاتدا هەمبەر ئەم هەڵمەتانەی تورکیا وەستاون و ئێمەیش لە ڕێگا مافە نێونەتەوەیەکانەوە بەدوای مەحکووم کردنی تورکیاداین.

ئەحمەد شێخۆ ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) وەبیری هێنایەوە: خودی دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان هەمبەر ئەم هەڵمەتانە بێدەنگ نابن و ناوەناوە ناڕەزایەتیی خۆیان ڕاگەیاندووە.

ناوبراو هەرواها لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا و ڕووسیا لەم گۆڕانکارییانەدا وتی: ئەمریکا و ڕووسیا وەکوو زلهێزانی نێونەتەوەیی و گەرەنتیکاری ئاربەست لە باکووری سووریا پێویستە هۆشدای بە تورکیا بدەن بەبۆنە داگیرکارییەکنیەوە. ئەمڕۆ لە پێش چاوی ئەوانەوە تورکیا ئاگربەست پێشێل دەکات و دەست بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حەشیمەتی ناوچەکە دەبات ئەوان ئەم کارەی تورکیایان لاوە گرینگ نییە.

ئەحمەد شێخۆ وتیشی: لە ئێستادا ئێمە بە هەڵمەتە دیموکراتیکەکانمانەوە لە هەموو جیهاندا بەدوای ئەوەداین کە تورکیا واز لە سیاسەتە داگیرکارانەکانی خۆی بێنێت وگۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکات کۆتایی پێبێنێت.

ناوبراو وتیشی: چیدی هەموو دونیا دەزانن کە پێچەوانە دروشمەکانی ئەردۆغان، نییەتی ئەو ئتزادی و ئاسایش بۆ خەڵکی باکووری سووریا نەبوو، بەڵکوو ئەو بەدوای چاوچنۆکی و داگیرکاری لە سووریایە و بەردەوام لەسەر ئەم پرسە مکووڕ بووە کە بۆ زیندوو کردنەوەی ڕۆئیای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سنوورەکانی تورکیا تا حەلەب و کەرکووک و مووسڵ هەوڵ دەدات.

News Code 3940

Your Comment

You are replying to: .
captcha