ئەمریکا و ڕووسیا بۆ ڕازی کردنی دڵی ئەردۆغان ئامادەبوونی تورکیا لە سووریا تەحەمول دەکەن

بەشی جیهان- جیم کێری، شرۆڤەکاری پرسەکانی تورکیا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەمریکا و ڕووسیا بۆ بەدەست هێنانی دڵی ئەردۆغان ڕووبەڕووی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە سووریا نابنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیای ئێستا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بەشێوازێکی کەم وێنە توانای باشتر کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کەم بووەتەوە. زۆرینەی شرۆڤەکارانیش یەکێک لە هۆکارەکانی گرژی لە پەیوەندیی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بە پرسی کورد ناو دەبەن، بەتایبەت کە ئەمریکا پشتگیری لە کوردەکانی سووریا دەکات.

ڕاجیاوازیی تورکیا و ئەمریکا لە سەر کوردانی سووریا

جیم کێری لەبارەی پرسی پشتگیریی ئەمریکا لە کوردەکانی سووریا کە بووەتە هۆی گرژیی زیاتر لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: من وادەزانم کە ئەمریکا و دیکەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هیوایان ئەمەیە کە هاوشێوەی زۆرینەی پرسەکان ئەم پرسەش بەشێوەی سیاسی لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن. لە ڕاستیدا ئەمریکا نایەوێت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا – کە لەژێر کونترۆڵی کوردەکاندایە- چۆڵ بکات چوونکە هەر بەو شێوەیەی کە لەبارەی ئەفغانستان بینیمان تەنها شتێک کە زیاتر لە شەڕێکی درێژ خایەن خەسار بەبار دێنێت، دۆڕاندنی شەڕەکەیە. ئەمریکا تا ئێستا نەیتوانیوە لە زۆرینەی پرسەکاندا لە سووریا سەرکەوتن بەدەست بێنێت. بەڵام دکتۆرینی پاش 11 سێپتێمبێر لە ئەمریکا بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە زۆرینەی ئەمریکییەکان بێ ئەوەی شتێک لەبارەی ڕۆڵی وڵاتەکەیان لە شەڕەکاندا بزانن، شەڕەکان درێژەی هەبێت.

ناوبراو زیادی کرد: لە هیچ شوێنێکدا ئامانجەکانی ئەمریکا بەشێوەی 100 لەسەد لەگەڵ ئامانجی کوردەکاندا یەکناگرێتەوە. هیچ گوشارێک چ لەناوخۆی ئەمریکا و چ لە لایەن هاوپەیمانانی ئەو وڵاتەوە بۆ چۆڵ کردنی سووریا نەخراوەتە سەر ئەمریکا. تورکیا کە تا ئێستاش هاوپەیمانی ئەندامی ناتۆی ئەمریکایە بەشێوەی ئاشکرا دژی ئامادەبوونی هێزێکی کوردییە لە سنوورەکانی خۆی لە کاتێکدا کە لالایەنێکەوە پارێزراویش بن. لەبارەی کوردانی سووریاش بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا دژی یەکن بەڵام ئەمریکا هیچ هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی ئەم ناکۆکییە هەڵناگرێت. من بڕوام وایە سیاسەتوانانی ئەمریکا هیوادارن کە ئەردۆغان کۆتایی بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی بێنێت بۆ ئەوەی کە دۆخەکە تێپەڕێت یا بە ئەگەری زۆرتر چاوڕێی ئەوەن پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی دابێدا سەرنەکەوێت.

هەڵمەتی ئەردۆغان بۆ دەرکردنی باڵیۆزی وڵاتانی ڕۆژئاوایی

جیم کێری لەبارەی هەڵمەتە توندەکانی ئەردۆغان هەمبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوان دەرکردنی 10 باڵیۆزی ئەورووپی ئەندامی ناتۆ، وتی: ئەم بابەتە زیاتر بۆ کایەی هێز لەنێوان ئەردۆغان و ناتۆدا دەگەڕێتەوە. ئێمە هەڵمەتی هاوشێوەمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراق و سووریا و بابەتی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئیس-400 لە ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە بینیوە.

هۆکاری بێدەنگیی ڕووسیا و ئەمریکا هەمبەر هەڕەشەکانی تورکیا لەدژی کوردانی سووریا

جیم کێری لەبارەی خەمساردیی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشی تورکیا بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکەی ئەو وڵاتە لە سووریا وتی: ئەمریکا نە ئێستا و نە هیچ کاتێکی دیکە حەسێبی بۆ کورد لە لیستی کارەکانی خۆیدا نەکردووە. من گومانم هەیە تورکیا هێزی ئەمریکی و ڕووسی لە کاتی هێرش کردنە سەر کوردەکاندا بکاتە ئامانج. من دڵنیام لەوەی کە ئەمریکا و ڕووسیاش ئەم جارەیان هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ تورکیا دەکەن بۆ ڕێگری کردن لە خەساری گیانی وەکوو ئەو ڕووداوەی کە تێکشکاندنی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسی لە ساڵی 2015دا لەلایەن تورکیاوە لێکەوتەوە.

ئەم شرۆڤەکارە دەشڵێت ئەمریکا و ڕووسیا نەک هەر دژی مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا نین بەڵکوو بۆ مانەوەی لەدەسەڵات یارمەتی دەدەن. ناوبراو زیادی کرد من بڕوام وایە هەردوو وڵاتەکە ئامادەبوونی تورکیا لەو ناوچانەدا بەبۆنەی ڕازی کردنی دڵی ئەردۆغان تەحەمول دەکەن. ئەردۆغان پێویستی بە یارمەتییە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان و ڕزگار بوون لە دۆخی ئێستا ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە ئەردۆغان پێویستی بە کەسێکە کە ڕێزی لێبگرێت.

جیم کێری دەشڵێت: ڕەنگە ئەگەر وابیر بکەینەوە کە ئەمریکا و ڕووسیا هەمیشە ڕێزیان لە ئەردۆغان گرتووە، تەنها خەیاڵ بێت بەڵام لە ڕاستیدا هەردوو وڵاتەکە لە ڕکابەری بۆ بەدەست هێنانی دڵی ئەردۆغان لە زۆرینەی ئەو پرسانەی کە لەسەری ڕکابەری دەکەن بەدەستی ئەنقەست هەڵەکانی ئەردۆغانیان لەبەرچاو نەگرتووە.

دۆخی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی دابێی تورکیا

جیم کێری دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا باشتر لە هەمیشە دەزانێت و سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردندا بەو مەرجەی هاوپەیمانێتیەکی یەکگرتوو پێک بێنن بەدوور نازانێت. ناوبراو زیاتر دەڵێت: زۆرینەی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە کن حزبەکانی نزیک لە کەمالیستەکان -بۆ نموونە ئی پارتی - پشتگیریی پێویستیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا هەبووە. بەڵام کێشە ئەوەیە کە حزبی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان هەمیشە ڕێگایەکی بۆ دەستوەردان لەنێوانیدا دۆزیوەتەوە.

جیم کێری ئاماژەشی دا بە دابەزینی پلەی جەماوەریی ئەردۆغان و حزبەکەی و وتی: لەئێستادا ئەردۆغان زیاتر لە ڕابردوو ئاستی جەماوەریی خۆی لەدەست داوە و ئەمەش بەمانای چانسی زیاتری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییە لەدژی حزبی دەسەڵاتداری داد و گەشە. ئەم پرسەش مانای وایە کە ئەردۆغان بەشێوازێکی توندتر ڕووبەڕووی ئۆپۆزیسیۆن دەبێتەوە یان ئەوەی کە مۆڵەت نادات کە هەڵبژادرنی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت کە ئەگەر وابێت دەیدۆڕێنێت.

News Code 3969

Your Comment

You are replying to: .
captcha