پارێزگاری ئیلام: بەرهەمهێنانی نەوت لە ئیلام بۆ 300 هەزار بەرمیل بەرز دەبێتەوە
بەشی ئیلام- پارێزگاری ئیلام رایدەگەیێنێت، بە تەواوبوونی پرۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەبێتەوە.

 کوردپرێس:

بە گوتەی محەممەد نەوزەری، پارێزگاری ئیلام، لە سەردانەکەی چەند هەفتە لەمەوبەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ ئیلام بڕیاردراوە چوار ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گازی ئەو پارێزگایە تەرخان بکرێت.

 پارێزگاری ئیلام ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا لە پارێزگای ئیلامدا رۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوت و زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر سێجا گاز بەرهەمدێت، بەڵام ئەگەر کێڵگە نەوتییەکان پەرەیان پێبدرێت، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 110 هەزار بەرمیل زیاد دەکات".

 سەید ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 24-08-2021 سەردانی پارێزگای ئیلامی کرد، کە بە گوتەی پارێزگاری ئیلام، لەو سەردانەدا بڕیاریداوە 275 پرۆژە لە بوارە جیاوازەکان جێبەجێ بکرێن.

 گرنگترین پرۆژەکان لە بواری نەوت و گازدا بووە. پارێزگای ئیلام سەرچاوەیێکی گەورەی نەوت و گازی سرووشتییە، بە جۆرێک کە نزیکەی 15%ی سەرچاوەکانی گازی سرووشتی و 4%ی نەوتی ئێران لەو پارێزگایە.

 محەممەد نەوزەری رۆژی 07-10-2021 گوتی، "لە 10 کێڵگە، لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی پارێزگای ئیلام 17 پرۆژە بۆ پەرەپێدانیان جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پێنج پرۆژەی پیترۆ کیمیایی، دوو قۆناخی پیترۆ پاڵاوتن، جێبەجێکردنی پرۆژەی بەرهەمە پیترۆ کیمیاییەکانی پیترۆ کیمیایی دێلەران و ژمارەیەکی دیکەی کیڵگەی نەوت، گاز و پیترۆ کیمیایی ئەو پرۆژانەن کە بودجەیان بۆ تەرخانکراوە".

 کێڵگەی نەوتی چەنگوڵە پرۆژەیەکی دیکەیە کە بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت و بە گوتەی پارێزگاری ئیلام ئەو پرۆژەیە هەلی کار بۆ نزیکەی چوار هەزار کەس دەڕەخسێنێت.