گەردەلوولی بەهێزی خۆر هێڵەکانی ئینتەرنێت و کارەبا و سەتەلایتەکان لەکار  دەخات
بەشی زانست و تەکنەلۆژیا- لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە زانکۆی کالیفۆڕنیا ئێرڤن ئاشکرای دەکات، گەردەلوولی بەهێزی خۆر کە بە ئاڕاستەی زەوی دێت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەکارخستنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و کارەبا و سەتەلایتەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی ناسا بڵاویکردەوە، گەردەلوولی خۆری یەکێکە لە دیاردە باوەکانی کەشوهەوای واڵایی و کاتێک دروست دەبێت کە خۆر لە ئەنجامی تەقینەوەی گەورەدا ڕێژەیەکی زۆر لە پلازما و وزەی موگناتیسی دەردەدات، ئەگەرچی ئەم گەردەلوولانە مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر مرۆڤ نییە، بەڵام کاریگەری دەخەنەسەر بواری موگناتیسی زەوی و دەکرێ ببنەهۆی ڕاوەستانی ئامێرەکانی تەکنەلۆجی.

ناسا ئاشکراشی کرد، ئەم گەردەلوولانە دەبنەهۆی دروستبوونی دیاردەی سروشی سەرنجڕاکێشی ناسراو بە ئەورۆرا یاخود "تیشکی جەمسەری" کە تێیدا ئاسمانی ناوچەکانی نزیک لە جەمسەرەکانی ڕووی زەوی بە ڕووناکی سەرنجڕاکێش دادەپۆشرێن.

بەپێی زانیارییەکان، خولی خۆر هەر 11 ساڵ جارێک لە بواری موگناتیسی خۆردا ڕوودەدات، پێشبینی دەکرێت ئەم خولەی ئێستا لە ساڵی 2025 بگاتە ترۆپک.

بەگوێرەی لێکۆلێنەوەکەی زانکۆی کالیفۆڕنیا ئێرڤن، ئەگەری هەیە ئەو گەردەلولە خۆریانەی ئێستا کاریگەری زۆرتر بخەنەسەر ئەو هێڵانەی ئینتەرنێت کە لەژێر دەریادان، چوونکە زۆرترین مەودایان هەیە، هەروەها لێکۆڵینەوەکە پێشبینی کرد ئەمریکا لە وڵاتانی ئەورووپا زیاتر زیانی بەربکەوێت لە ئەگەری ئەم گەردەلولانە.

دکتۆر سانگیسا عەبدوجیۆسی بەرپرسی لێکۆڵینەوەکە ڕایگەیاند، دەکرێت هۆشداری بدرێت لەسەر ئەم گەردەلوولانە نزیک 13 کاتژمێر بەر لە ڕوودانیان، بەڵام بەرگریکردن لێیان لەسەر زەوی سنووردارە و دەبێت ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەگەری لەکارکەوتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت.

پێشتر گەردەلولی بەهێزی خۆر ڕووبەڕووی زەوی بووەتەوە بەڵام لە کاتێکدا کە مرۆڤایەتی وەکوو ئێستا پشتی بە کارەبا و ئینتەرنێت نەبەستبوو.

ساڵی 1859 گەردەلوولێکی بەهێزی خۆری بواری موگناتیسی زەوی گرتەوە کە بووە هۆی لەکارکەوتن و گڕگرتنی چەندین هێڵی سیستەمی گواستنەوەی تێلەگرافی لە سەرانسەری جیهان.

 

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی خەڵک