سەردەمی چالاکیی سیاسیی کوردانی سووریا دەستی پێکردووە

بەشی سووریا- بەرپرسێکی دەزگای دادی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا دەڵێت: سەردانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستانی سووریا هەڵگری پەیامێکی دیپلۆماسیی گرینگ بوو.

حەکەم خەلۆ بەرپرسێکی دەزگای دادی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا و هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی یاسادانەریی کانتۆنی جزیرە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی دیداری ڕۆژی ڕابردووی شاندی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕایگەیاند: پەیوەندیی ئەمرکیا لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات تا پێش ئەم دیدارەی بە ئامانجی شەڕی داعش و تیرۆر بەڕێوە دەچوو، بەڵام کاتێک وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەردا گفتوگۆ دەکات نیشاندەری گۆڕانکاریی لە ستراتێژیی ئەمریکادایە.

ناوبراو درێژەی دا: لە ڕاستیدا چارەسەر کردنی پرسی کوردی سووریا تەنها لە ڕێگای سیاسییەوەیە نەک ڕێکاری سەربازی، هەمووانیش ئەمە دەزانن. ئەگەر ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لەگەڵ ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا دەست بە دانوستان بکەن ئەمە دەرخەری سەرکەوتنێکی نوێیە بۆ ئیدارەی خۆسەر و ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سیاسی لە سووریا.

بەرپرسەکەی دەزگای دادی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا ڕاشیگەیاند: لەلایەکی دیکەوە سیاسەتەکانی بایدن پێچەوانەی سیاسەتی سەردەمی ترەمپە و بایدن دەیهەوێت دۆخی سووریا بگۆڕدرێت و تەنانەت پەیامێکی بۆ ئەردۆغان ناردووە و تورکیاش وازی لە بانگەشەی هێرشکردنەسەر باکووری سووریا هێناوە و ئەمەش دەرکەوت کە نە ئەمریکا و نە ڕووسیا گڵۆپی سەوزی هێرش کردنیان بۆ ئەنقەرە هەڵنەکردووە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمەش پەیامێکی ئەرێنییە بۆ کوردەکان و سەردانی کوردەکان بۆ مۆسکۆ و واشنتۆن و هەروەها سەردانی ئەمدواییەی شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیدارەی خۆسەر نیشان دەدات کە ڕێگا چارەی سیاسی بۆ کوردەکانی سووریا پێی لە قۆناغێکی نوێ ناوە.

حەکەم خەلۆ وەبیری هێنایەوە: لە ئێستادا کوردەکان هەم لە سووریا و هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەکتەرێکی گرینگن و دۆخی کورد لە ئێستادا گۆڕدراوە و خاوەنی دەسەڵات و دیپلۆماسین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و دەتوانین بڵێین سەردەمی چالاکیی سیاسیی کوردان دەستی پێکردووە.

News Code 4092

Your Comment

You are replying to: .
captcha