شاندەکەی ئەمریکا بەڵێنی داوە بەردەوام بن لە هاوکاری کردنی کوردەکان

بەشی سووریا- ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی گوت: شاندی ئەمریکی بەڵێنیان داوە تا کۆتاییی شەڕی داعش هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات بن و لەبارەی کێشە دارایییەکانی ئەو ناچەیەوە یارمەتیی ئیدارەی خۆسەر بدەن.

کوردپرێس:

فەتحوڵڵا حوسێنی ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە سەردانی ئەم دواییەی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستانی سووریا کرد و گوتی: سەردانی ئەو دوایییەی شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستانی سووریا هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ئیدعاکانی تورکیا بۆ هێرش کردن دژی باکووری سووریا تەنها موزایدەی میدیایییە و لە ئەساسدا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بۆ هێرش کردن دژی کوردستانی سووریا لە ئارادا نیە.

حوسێنی گوتیشی: لە هەمان کاتدا شاندی ئەمریکی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیاش دیداریان کردووە بەوانیان ڕاگەیاندووە کە نابێ شەڕی تازە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەست پێ بکەن و ئێستاش لە قۆناغی ڕێککەوتن و دانیشتنی سیاسیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ناوبراو زیادی کرد: سەردانی شاندە ئەمریکییەکە هەڵگری ئەو پەیامەش بوو کە پێویستە ئەمری واقیعی کوردستانی سووریا دانی پێدا بنرێت و شاندی ئەمریکی بەڵێنی ئەوەی داوە کە لەبارەی کێشە ئابوورییەکانەوە هاوکاریی ئیدارەی خۆسەر بکات.

ئەو ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر جەختیشی کردەوە: شاندی ئەمریکی لە سەردانەکەدا جەختی کردە سەر بەردەوام بوونی ئەمریکا بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات تا کۆتاییهاتنی داعش و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا.

فەتحوڵڵا حوسێنی لە کۆتاییدا گوتیشی: ئەمانە لە شوێنی خۆیدایە و کارێکی باشە بۆ ئیدارەی خۆسەر و هەڵگری ئەو پەیامەشە بۆ تورکیا کە دەبێت دەست لە شەڕ و پێکدادان بکێشێت. لە لایێکی دیکەشەوە ئێمە هیوای ئەوەمان هەیە کە ڕووسیاش گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی ناوەند بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەستەبەر ببێ و چارەسەری قەیرانی سووریا بە شێوەیێکی دروست بڕواتە پێشەوە.

News Code 4106

Your Comment

You are replying to: .
captcha