هاوسەرۆکی یەکێتی داوای لامەرکەزی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە دیدار لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختی کردە سەر پڕۆژەی لامەرکەزی بۆ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم ئەوەش وەک ڕێگاچارێک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی هەرێم.

کوردپرێس:

ڕۆژی21ی 12ی 2020 لەشاری سلێمانی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق.

لەدیدارێكدا كە دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ئامادەی بوو، گفتوگۆ كرا دەربارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و رێوشوێنەكانی چارەسەركردنی ئەو كێشەو بەربەستانەی كە بوونەتە ئاستەنگ لە بەردەم تێپەڕاندنی قەیرانەكان.

هاوكات جەختكرایەوە لەسەر پێویستی خێراكردنی هەنگاوەكانی ڕَككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و پابەندبوونی هەردوولا بەدانوستانەكانی نێوانیان و كۆتاییهێنان بەكێشەكان لەسەر بنەمای دەستور لەپێناو دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوو كردو سیاسەت و بڕیاری یەكێتیی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ داوای حەق و رەوای خۆپیشاندەران بووین و دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەكین، وتیشی: میللەتەكەمان شایستەی ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەرانن و دەمانەوێت بەهەوڵی هەموو لایەنەكان لە برسێتی و هەژاری رزگاریان بكەین.

لاهور شێخ جەنگی، باسی لە گرنگی جێبەجێكردنی پڕۆژەی لامەركەزیی كرد بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی.

سوپاسی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی كرد بۆ ئەو رۆڵەی دەیبینێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە كۆتایی دیدارەكەدا جەختكرایەوە كە خواستی شەقام و هەستیاریی دۆخەكە وا دەخوازێت كە گفتوگۆیێكی نیشتیمانی و خەمخۆرانە لە نێوان هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت بۆ كۆتاییهێنان بەكێشەكان و زەمینەسازیش بكرێت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو تا پڕۆسەیەكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و ببێتە نموونەیەك بۆ سەركەوتنی دیموكراسی لە وڵاتدا.

News Code 413

Your Comment

You are replying to: .
captcha