کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و زەروورەتی بەخۆداهاتنەوەی کورد/ وڵاتانی دەوروپشت، ڕێز لە قەبارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئابووریناس و مامۆستای زانکۆی کۆیە بە کوردپرێسی گوت کێشە و هەڵەی گەورەی ئابووری هەرێمی کوردستان نەبوونی ستراتیژ و پلانە و بەشێکی کێشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان لەبارەی توانا ئابوورییەکانەوە. داوای لە وڵاتانی دەوربەریش کرد ڕێز لە قەبارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرن.

کوردپرێس:

پڕۆفیسۆر هۆشیار مەعرووف پسپۆڕی ئابووری و راگری کۆلێژی زانستە کۆمەلایەتییەکانی زانکۆی کۆیە لەبارەی کێشە و هەڵە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئیدارەدانەوە بە کوردپرێسی گوت: هەڵە گەورەکە ئەوەیە کە لەو ساڵانەدا هیچ چوارچێوەیێکی ستراتیژ نەبووە کە کاری پێ بکرێت. واتا کورد زۆربەی ژیانی بێ پلان بووە بۆیە هیچ ڕێکخستنێکی ئابووریی نەبووە. کە نە پلانت ببێ و نە ئاراستەکردنت ببێ ئەو هەڵە و کێشانە ڕوو دەدات کە لە هەرێمی کوردستان ڕووی داوە. ئێستا ئەو پارەیەی لە نەوت دەست دەکەوێت زۆربەی زۆری دەچێت بۆ مووچە. ئەو مووچەیەش هەر لە زیادبوونە. چوونکە هاووڵاتی پێویستی بە کارە. ئینجا گەر حکوومەت بەرهەمی نەبێ لە ڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵ و دیکەی بوارەکان، پارەی مووچە دەڕواتە دەرەوەی وڵات یان دەرەوەی حکوومەت. چوونکە هاووڵاتی مووچەکەی دەدات بە سەیارە و عەرز و موڵک یان خود دەیباتە دەرەوەی وڵات. ئەمە بەشێکی کێشەی فەرهەنگی و عەقڵیەتی هاووڵاتییە. بەشێکی دیکەشی کێشەی دەسەڵاتە. ئەرکی حکوومەت ئەوەیە بەستێن فەراهەم بکات بۆ نموونە کۆمپانیا دروست بکات بۆ هاووڵاتییان. بەڵام لە وڵاتی ئێمە تەنانەت ئەگەر حکوومەت، کۆمپانیاش دروست بکات هاووڵاتی پشکەکەی ناکڕێت چوونکە باوڕی نیە بەوەی کە ئەو پشکەی کە دەیکڕێت قازانجی لێوەربگرێت. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش بەوە دەبێت کە خۆمان بگۆڕین و ئەو گۆڕینەش زۆر زەحمەتە.

ئەو شارەزایەی ئابووری ڕوونیشی کردەوە کە هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان بە زۆری بەکارهێنەرن و کڕیارن. هاووڵاتی، ساڵانە 10 ملیار دۆلار لە هەولێر و دهۆک کاڵای تورکی دەکڕێت. ئەوەش لە کاتێکدا ئەردۆغان دەڵێت سنوورەکان دادەخەم با بزانم ئەوان دەژین! من پێم خۆشە تورکیا و ئێران سنوورەکان دابخەن بۆ ئەوەی بە خۆماندا بێینەوە. ئێمە توانای زۆرمان هەیە. ئەرازیی زۆرمان بۆ کشتوکاڵ هەیە. توانای زۆری ئاکادیمیمان هەیە بۆ بواری پیشەسازی. دەرچوویێکی زۆری زانکۆکانمان لە وڵاتن کە هیچیان شوێنی خۆیان نابیننەوە. بۆ نموونە ئەو فەترەیەی مووچە بە خەڵک نەدەدرا خەڵک کارەکەشی دەکرد و مووچەشی نەبوو یان خود مووچەکەی بووبوو بە سەدا 30. لەو فەترەیەدا بەشێکی زۆری خەڵک گەڕایەوە لادێکان. ئەو عەرزانەی بەجێ هێشترابوو هەمووی بووژایەوە. لە کوردستان توانای شاراوە ئێجگار زۆرە لە سەرچاوەی سروشتی و لە سەرچاوەی مرڤایەتی. لە سەرچاوەکانی ئاو و لە هەموو بوارەکان. ئێمە دەتوانین تەنانەت ئەگەر ئێران و تورکیاش سەرچاوەکانی ئاومان لێدابخەن هەر بە ئاوی باران دەتوانین خۆمان ببووژێنینەوە. نموونەش زۆرە کە هاووڵاتییان خۆیان بەنداویان لە دێهاتەکان بۆ خۆیان دروست کرد و لەو بەنداوانە توانییان کارەبا دەربهێنن. هی وای تێدا بوو نەک هەر دێکەی خۆی دوو دێی تەنیشتیشی کارەبای دایە. ئەمە پێمان دەڵێت کە تواناکە هەیە. بەڵام ئەو توانایە بەو شێوازە بەکار نایەت. چوونکە هاووڵاتی بە سەراحەت دەبینێت ئەگەر بتوانێت پارەی مووچەکەی وەربگرێت و باری ئابووریی باش بکات بۆچی خۆی ماندوو بکات. بەڵام من زۆر مەمنوونی ئەرۆغان دەبم گەر سنوورەکان دابخات بۆ ئەوەی هاووڵاتی ئەو عەقڵیەتە بگۆڕێت.

دوکتۆر هۆشیار مەعرووف ئاماژەی بە بازاڕی هەرزانی ئێران لە سلێمانی و سنووری ئێران کرد و گوتیشی پێویستە هەرێمی کوردستان سوودمەند بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئەو سوودمەندییەش نەک هەر کڕیار بێت بەڵکوو دەبێت پلان هەبێ بۆ ئەوەی بەرهەم بهێنین و بفرۆشین. دەبێت ئەو پارەیەی دێتە دەستمان نرخی بزانین. لە بەرژەوەندیی کورد نابێت کە بەردەوام کڕیار بێت. ئێستا لە بەغدای بکڕێت یان لە ئێران یان لە تورکیا. نموونەیێکتان بۆ دەهێنمەوە. وڵاتی کۆریای باکوور وڵاتێکە کە قومبەلەی نەوەوی دروست دەکات و مووشەک دروست دەکات. کۆریای باکووری چووە ناو چاوی ئەمریکا و وڵاتەکەشی ئەوە نیە کە دەڵێن لە برسا مردوون. هیچی وا نیە. من ئاگادارم ژیانی خۆیان بردۆتە سەرەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە نە نەوتیان هەیە و نە ئەو سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەیان هەیە. بەڵام ڕێکخستنێکی بە تینیان هەیە. یان وڵاتی چین ساڵی 1948 کە ڕاپەڕین کرا چین تەنها کشتوکاڵێکی دواکەوتووی بوو بەڵام ئێستا گوند نیە لە چین کە کارگەی تێدا نەبێ. بۆیە چین زۆر کەوتۆتە پێش ئەمریکاشەوە. بۆیە کورد دەبێت ئاگای لە تواناکانی خۆی بێ و پشت بە خۆی ببەستێت و بە توانای خۆی بجووڵێت و ناچار نەبێت لە وڵاتانی دیکەوە بکڕێت.

کوردپرێس پرسیاری ئەوەشی کرد کە ناردنی 200 ملیار لە بەغداوە تا کەی بەردەوام دەبێت: دوکتۆر هۆشیار مەعرووف لەو بڕوایەدا بوو کە ئەو بڕە پارەیە تا دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەغداوە دێت و دوای یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەغدا دەچێتەوە سەر عادەتی جاران.

هۆشیار مەعرووف لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: لۆژیکی ئەوەیە کە پاش نەمانی ئەمریکا، وڵاتانی دەوروبەر وەکوو ئێران و تورکیا ئاشتی دروست بکەن و دەرگایێکی دیکە بۆ دۆستایەتی دەکەنەوە و هەست بکەن خەڵکێک هەیە وەکوو خۆیان کە ناوی  کوردە. دەبێت هەوڵ بدەن مافی کورد بدرێت. بڕیار نیە من داوای سەربەخۆیی بکەم. ئێمە داوای ئەوەمان نەکردووە. بەڵام ئێمە دەڵێین وەکوو نیزامێکی فیدراڵی هیچ لە سەر من فەرز نەکرێت. چوونکە کورد زمان و مێژوو و ڕەوشت و ڕەویەی خۆم هەیە. ئێمە خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ فارسیش و عەرەبیش زۆرە بەڵام پێویستە ڕێز لە کوردبوونمان بگیرێت. کوردیش لە ناوخۆ پێویستە یەک بێت و خۆ ببوێرێت لە خۆپەرستی و بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی.