پێویستە پارتی و پەکەکە شەڕی میدیایی دژ بە یەکتر ڕابگرن

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: پێویستە پێش هەموو شتێک هەم پارتی و هەم پەکەکە واز لە شەڕی میدیایی بێنن چوونکە بەستێن بۆ شەڕی سەربازی فەراهەم دەبێت.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و وتی: دوژمنانی گەلی کورد هەر کات بیانەوێت یاریێکی نوێ دەست پێبکەن، ڕەوتە کوردییەکان لەدژی یەکتر هەڵدەخڕێنن تاکوو بە پێکدادن بەستێن بۆ لاواز کردنیان فەراهەم بکەن.

ناوبراو درێژەی دا: ئەمە بۆ ئێمە زۆر دڵتەزێنە کە ناکۆکییەکان لەنێوان دوو حزبی سەرەکی لە کوردستاندا کە لایەنگری زۆریشیان هەیە سەریهەڵداوەتەوە و بوو هۆی پێکدادان لەنێوانیاندا.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا زیاتر وتی: پرسی کورد بووەتە بابەتێکی جیهانی و ئەم دوو حزبە لەبری پێکدادان پێویستە بەدوای مافی کوردەکاندا بن و خۆیان لەشەڕی دوور بگرن.

کۆفان کەنعۆ وتیشی: لەحاڵێکدا مەترسیی گرووپە بناژۆخوازەکان لەناوچەکەدا دەبینرێت و بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە کورد دەکەن و تورکیاش بۆ دژایەتی کردنی کورد کەڵکیان لێوەردەگرێت؛ باشتر وایە گرووپە کوردییەکان بیر لە یەکگرتن بکەنەوە و هاوشێوەی ئەوەی لە کۆبانی و شەنگالدا کرا هاوکاریی یەکتر بکەن.

ناوبراوا وەبیری هێنایەوە: جیاوازیی سیاسی پرسێکی سروشتییە بەڵام نابێت ببێتە دوژمنی کردنی یەکتر و ئەم دوو حزبەیش باشتر وایە گفتوگۆ بکەن.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا جەختی کردەوە: پێویستە پێش هەموو شتێک هەم پارتی و هەم پەکەکە واز لە شەڕی میدیایی بێنن چوونکە بەستێن بۆ شەڕی سەربازی فەراهەم دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 42

Your Comment

You are replying to: .
captcha