PYD بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا هەبووە

بەشی سووریا- ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا  دەڵێت: حزبە کوردەکان دەبێت بەدوای لۆبیێکی بەهێزدا بن کە نفووزی لەنێو وڵاتانی زلهێزدا ببێت تاکوو توانای بەدەست هێنانی مافی کوردیان هەبێت.

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هۆکاری بە بنەبەست گەیشتنی دانوستانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕایگەیاند: لە هیچ کاتێکدا پەیوەندیی نێوان پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) و ئیدارەی دەسەڵاتداری ئێستا لە کوردستانی سووریا لەگەڵ حکوومەتی سووریا نەپچڕاوە. واتا لەو کاتەوە کە قەیرانی سووریا سەریهەڵداوە ئەم دوو لایەنە پەیوەندییان هەبووە. هەندێک جار پەیوەندییەکە لاواز دەبێتەوە بەتایبەت ئەو کاتەی ئەمریکا هاتە نێو سووریا، بەڵام هیچ کات ئەم پەیوەندییە بەتەواوێتی نەپچڕاوە. حکوومەتی ناوەندیی ناوچە کوردنشینەکانی بە ئەمانەت دایە دەستی پەیەدە-وە تاکوو دژایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و هەر ناڕازییێکی دیکە لە سووریا بکات.

ناوبراو وتیشی: لە بارودۆخێکدا کە حکوومەتی سووریا هێدی هێدی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەندێکی لە وڵاتەکان ئاسایی کردۆتەوە و گوشارەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر دیمەشق لەچاو ڕابردوودا کەمتر بووەتەوە، حکوومەتی سووریا دەیهەوێت بەگوشارخستنە سەر پەیەدە ناچاریان بکات بە قبووڵ کردنی دۆخەکە و گەڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ناوچە کوردنشینەکان.

هەڤاڵ عیسا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ڕۆڵی حزبەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (PYNK) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لەم نێوانەدا چییە، وتی: لەلایەکی دیکەوە ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە بەدواداچوونە بۆ پڕۆژەی نەتەوەیی-کوردی لە کوردستانی سووریایە نەک ئەوەی کە لە ئێستادا پەیەدە لەژێر ناوی ئۆمەتی دیموکراتیک و برایەتی گەلان باسی لێوە دەکات کە دژی پڕۆژەی نەتەوەیی-کوردیە لە کوردستانی سووریا.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: حزبە کوردییەکان دەبێت لەسەر یەک هەڵویستی کوردی و نەتەوەیی پێکەوە ڕێککەون تاکوو توانای دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و هەر لایەنێکی دیکەدا هەبێت و داوای مافی خەڵکی کورد بکەن. بۆ ئەم پرسە پێویستیشە کەلەگەڵ کوردانی دیکەی ناوچەکانیش هێوەندیەکی باشیان هەبێت تاکوو شەڕ لەنێوانیاندا هەڵنەگیرسێت.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا (P.Y.K.S) وەبیری هێنایەوە کە: لەڕاستیدا نابێت متمانە بە حکوومەتی سووریا بکرێت. نەک دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکرێت و نەک ئەوەش کە بچینە ئامێزیانەوە و ئیدارەی خۆسەر تەسلیمیان بکەین.

هەڤاڵ عیسا جەختی کردەوە: بۆ گەیشتن بە مافی کوردەکان لە سووریا دەبێت پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز فراوان بکەین بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و ئەورووپا، هەروەها کاری سیاسی و ئاشتی خوازانە بەرینە پێشەوە.

ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا ڕاشیگەیاند: حزبە کوردەکان دەبێت بەدوای لۆبیێکی بەهێزدا بن کە نفووزی لەنێو وڵاتانی زلهێزدا ببێت تاکوو توانای بەدەست هێنانی مافی کوردیان هەبێت.

News Code 4209

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha