کێشە بە توندوتیژی چارەسەر نابێت/ خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە خۆڕایییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی داواکاریی خوێندکاران بۆ دەرماڵەی خوێندن دەڵێت، خوێندنی زانکۆ لە کوردستان و لە زانکۆ حکوومییەکان بەخۆڕاییە. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە.

کوردپرێس:

ڕۆژی شەممە 27 ی نۆڤێمبەر مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیێک لە قوتابیانی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆلێجی پەروەردەی بنیات کۆبووەوە و لە نزیکەوە گوێی لە خواست و داواکاریی و تێبینییەکانیان گرت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: "خۆپێشاندان مافە و پشتیوانیی لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە دەکەین. بەڵام ئاراستەکردنی و دروستبوونی تووندوتیژی، خزمەتی داواکارییەکانی خوێندکاران ناکات. ئەگەر خۆپێشاندان دەکەن با ئاشتیانە بێت".

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی؛ دەبێت ئەو ئەزموونە و ئەو وڵاتە بپارێزین و نیشتمانمان خۆش بوێت. دەزانم کێشەتان هەیە و چارەسەریشی بە گفتوگۆدەکرێت و دەبێت پێکەوە چارەسەری بکەین.

مەسروور بارزانی، داوا لە خوێندکاران دەکات، مەدەنیانە داواکارییەکانی خۆتان پێشکێش بکەن و لە هەمانکاتدا گوتی: "ئەوەی بینیمان سووتاندنی بارەگا و پەلاماردانی یەکدی و تووندوتیژیی و خوێنڕشتن، هەموومان ئازاردەدات و باوەڕ ناکەم ئێوەش پێتان خۆش بێت".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خوێندکارانی پرسی " بۆچی رێگە بدرێت کەسێکی دیکە بێت و بەناوی خۆپێشاندان ئەجێندایەکی سیاسی خۆی بەناوی قوتابییانەوە جێبەجی بکات؟ پێش هەموو کەسێک دەبێت ئێوە خاوەندارییەتیی ئەم وڵاتە بکەن. پێش هەموو کەسێک دەبێت ئێوە رێگە نەدەن کەس بوونی قوتابی و کێشەی قوتابی بقۆزێتەوە و بەکاریی بێنێت بۆ پێشخستنی ئەجێندای سیاسیی خۆی".

بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان

مەسروور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا رووی لە خوێندکاران کرد و گوتی: "داوایەکی برایانەتان لێدەکەم کە ئێوە پێشمەرگەی قوتابی بن. لەپێش هەموو کەسێک بەرگریی لە کەرامەت و مافی وڵاتەکەتان و سیمبوولی وڵاتەکەتان بکەن".

لەبارەی بێڕێزیی بە ئاڵای کوردستانەوە لە خۆپێشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "باوەڕ بکەن ئەوەندە جێی داخبوو کە بینیمان ئاڵای کوردستان بەپێوە چوونە سەری و بێڕێزی و بێحورمەتیی بەرامبەر بە سیمبوولێک کرا کە بووتە دوابەرگی چەندین شەهید. هەزاران شەهید لەژێر ئەم ئاڵایە نێژراون. بێڕێزیکردن بەمە چۆن داوای قوتابییە؟".

مەسروور بارزانی بە پرسیاری ئەوەی بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان چۆن گرفتەکان چارەسەر دەکات؟ گوتی: "ئەمە زۆر دیارە کە دەستێک هەیە ویستوویانە چونکە قوتابی هێزێکی خوێنگەرم و بەتوانان سوودیان لێوەربگرن ئەمە بەکاربێنن بۆ ئەوەی هیچ بەهایەکی نیشتمانیی وڵاتەکەمان نەهێڵن".

مەسروور بارزانی هەروەها رایگەیاند: "ئێوە پێش هێزە ئەمنییەکان دەبێت رێگریی بکەن لەوەی کە سووکایەتیی بە سیمبوول و رەمزەکانی وڵاتەکەمان بکرێت. دڵنیام ئەمە کاری قوتابی نەبووە و هەرکەسێک ئەم کارەی کردووە حکومەت لێی بێدەنگ نابێت. ئەوانەی بێڕێزیی بە ئاڵای کوردستان دەکەن پێویستە بەرەوڕووی یاسا بکرێنەوە. ئێمە بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەمشێوە کارانە دەکەین.".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی گرژییەکانی نێوان قوتابیان و هێزە ئەمنییەکان کرد و گوتی: "سەرکۆنەی رووبەڕووبوونەوەی تووند دەکەین چ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر خوێندکاران بکرێت و چ لەلایەن هەندێ کەسەوە بەناوی خوێندکارەوە پەلاماری هێزە ئەمنییەکان بدرێت. ئەمانە تووندوتیژی و نانەوەی پشێوین و لەگەڵ مافەکانی قوتابیان یەک ناگرنەوە".

دەرماڵەی خوێندن

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەی لەسەرکرد دەرماڵەی خوێندنی خوێندکاران بوو. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی: "خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی کە "لەهیچ شوێنێک شتی وانییە کە بڵێی من بە خۆڕایی دەخوێنم و دەبێت بڕەپارەیەکیشم وەک دەرماڵە پێبدەن بۆ ئەوەی بخوێنم".

News Code 4235

Your Comment

You are replying to: .
captcha