دابەزینی نرخی نەوت و درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر-بەغدا قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانی تۆخ کردۆتەوە
بەشی جیهان- دکتۆر ئارزۆ جوادووا هۆشداری داوە کە دابەزینی نرخی نەوت، درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر-بەغدا لەسەر نەوت و بوودجە و هەروەها کۆرۆنا بووەتە هۆی قووڵتر بوونەوە قەیرانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر ئارزۆ جوادووا لێکۆڵەری بواری زەوین ناسی و نەوت لە ڕیزی ئەو شرۆڤەکارانەدایە کە لێکۆڵینەوەی تێروتەسەلی لەبارەی سەرچاوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. ناوبراو بڕوای وایە سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیێک زۆر لە وڵاتانی جیهان لەوان ڕووسیا و ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەرمایەدانەرییان کردووە و ڕۆژانە هەزاران بەرمیل نەوت و گاز بەرهەم دێنن بەڵام نەبووەتە هۆی پێشکەوتنی ئەم ناوچەیەی عێراق.

دکتۆر ئارزۆ جوادووا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردپرێس ئەم پرسە شی دەکاتەوە و دەڵێت: جیا لەوەی کە کۆمپانیا نەوتی و گازییە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان تا چ ئاستێک نەوت و گاز دەردێنن، هەرێمی کوردستانی عێراق تووشی قەیرانی ئابوورییە کە هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنییەتیی سامانپێدانی داهاتی نەوت و گاز.

لێکۆڵەری بواری زەوین ناسی و نەوت لەبارەی هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق زیاتر وتی: هەرێمی کوردستانی عێرق لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی خۆیدا بەشێوەی سەربەخۆ نەوت و گاز دەردەهێنێت کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی حکوومەتی ناوەندیی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بووجەی گشتی ببڕێت تاکوو بەو شێوەیە هەولێر ناچار بکات داهاتە نەوتییەکان ڕادەستی بکات.

دکتۆر ئارزۆ جوادووا لەبارەی بێ ئەنجام بوونی ڕێکەوتنە کاتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بوودجە دەڵێت: سامر غەزبان وەزیری نەوتی پێشووی عێراق پشت ڕاستی کردۆتەوە کە حکووەتی ناوەندی و حکوومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕێککەوتوون کە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە لەبەرامبەر ڕادەست کردنی 250000 بەرمیل نەوتی خاو لە کۆی 450000 بەرمیل نەوتی دەرهێنراوی مانگانەی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیانی نەوتیی سۆمۆ لە بەغدا، حکوومەتی ناوەندی پشکی هەولێر لە بوودجەی گشتی لەبەرچاو دەگرێت؛ بەڵام ناوبراو مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ نەوتێکی ڕادەستی سۆمۆ نەکردووە.

ناوبراو لەبارەی کاردانەوەی بەغدا بۆ خەمساردیی هەولێر لە ئاست پێبەند بوون بە ڕێککەوتننامەکان وتی: حکوومەتی ناوەندیی عێراق بۆ گوشار خستنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەرانی ئەو ناوچەیەی بڕیوە کە دەگاتە 435 ملیار دیناری عێراقی کە بەرامبەرە لەگەڵ 380 ملیۆن دۆلاری مانگانە. ئەم بابەتەش بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و زەمینەی بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەم ناوچەدا فەراهەم کردووە.

دکتۆر ئارزۆ جوادووا ڕاوێژکاری پێشووی کۆمپانیای نەوتیی گازپرۆمی ڕووسی لەبارەی کاریگەریی بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەڵێت: چەند ناوچەیەک لە پارێزگای سلێمانی کە بریتین لە شاری سلێمانی، ڕانیە، قەڵا دێزە و هەڵەبجە شایەتحاڵی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکن لەئاست قەیرانی ئابووری.

ناوبراو هۆشداری دەدات کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دۆخی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان تۆختر دەبێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، درێژەی ناکۆکییەکانی هەولێر و حکوومەتی ناوەندی و درێژەی گشتگیریی کۆرۆنا.