پێویسته‌ په‌له‌ بکرێت له‌ کاراتر کردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وەزارەتی پێشمەرگەیان راسپاردووە، ئامادەکاریی زیاتر بکەن بۆ رێگری لە هێرشەکانی داعش.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا لەبارەی هێرشی شەوی رابردووی داعش کە بووە هۆی گیان لەدەست دانی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی پێنجی دیکە نووسیویەتی: "هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان لە شه‌وی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆ که‌ لەکاتی بەهاناوەچوونی هاو‌سه‌نگه‌ره‌کانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری کردم، هاوخه‌میی خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و که‌سوکاریان ده‌که‌م و داواکارم له‌ خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاکبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌کان ده‌خوازم."

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەوان چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی مه‌ترسییه‌کانی داعش و  خۆڕێکخستنەوەیان داوە، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێمی کوردستان که‌ "سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌کی جیددی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌کە."

مەسروور بارزانی دەڵێت، "پێویسته‌ په‌له‌ بکرێت له‌ کاراتر کردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە پڕبکرێتەوه‌، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە کە ئامادەکاریی زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و رێگری کردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.