لە تورکیا داواکاری  بۆ داخستنی هەدەپە نوێ کرایەوە

بەشی تورکیا- سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا داواکاریی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نوێکردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە داوانامەکەدا بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا هاتووە: "هەدەپە کە بە کردەیی پشێلی یەکێتیی گەل و وڵاتی کردووە و هەوڵی دابەشکاریی داوە، پێویستە بە تەواوەتی دابخرێت و بەڕێوەبەرانی پارتەکەش دەبێ ماوەی پێنج ساڵ سیاسەتکردنیان لێ قەدەخە بکرێت.

حکوومەتی تورکیا زنجیرەیەک تۆمەتی داوەتە پاڵ هەدەپە کە یەکێک لەوانە هاوکاریک ردنی تیرۆرە. ئەمە لەکاتێکدا بەرپرسانی هەدەپە لە بەرگرینامەکەیاندا ئەمەیان رەتکردووەتەوە.

کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا لە راپۆرتێکیدا لەبارەی تورکیا دەڵێت، ئەو وڵاتە لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسییدا پاشەکشەی کردووە؛ لەو راپۆرتەدا کە 19ی تشرینی یەکەمی 2021 لەبارەی تورکیا بڵاو کراوەتەوە، هەوڵەکان بۆ داخستنی هەدەپە وەک نموونە هێنراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، پاشەکشەی تورکیا لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسی درێژەی هەیە، حکوومەت لە بەئامانج کردنی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە و بە ئاراستەی خۆگونجاندن لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوی نەناوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی راپۆرتەکەی یەکێتیی ئەورووپای دایەوە و رایگەیاند: "ئەو بانگەشە بێ بنەما و رەخنە ناڕەوایانەی بەشی پێوەرە سیاسییەکان و دادگە و مافە سەرەکییەکان قبووڵ ناکەین".

داخستن یاخود بڕینی بەشە بودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری 10 ئەندام لە کۆی 15 ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستووری هەیە. دواتر بڕیاری کۆتایی بە هەدەپە رادەگەیێندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" گوشاری زۆری لەسەر ئاکپارتیی هاوپەیمانی کرد بۆ ئەوەی کار لەسەر داخستنی هەدەپە بکەن.

هەدەپە سێیەمین گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا، کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، 67 کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام متمانە لە دوو پەرلەمانتاری وەرگیرایەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچوون. ئێستا خاوەنی 58 کورسییە.

News Code 4271

Your Comment

You are replying to: .
captcha