مەسعوود بارزانی: لە 2022 دەستور راپرسی بۆ بكرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمیش لەكاتی خۆی بكرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود بارزانی دەیەوێت لە 2022 راپرسی دەستوور ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی درەو میدیا بڵاوی کردەوە دوێنێ لە پیرمام مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كۆبووەوە.

مەسعوود بارزانی بە تیمی پەرلەمانی پارتی راگەیاندووە، كە دەبێت بەزووترین كات دەستوری هەرێم ئامادە بكرێت و لە 2022 بخرێتە راپرسیەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش مەسعوود بارزانی رایگەیاندووە دەبێت هەڵبژاردن لەكاتی خۆی ئەنجام بدرێت و كۆمسیۆنێكی نوێ درووست بكرێت ئەگەر لایەنەكان لەسەر پێشنیازەكانی پارتی رازی نەبوون ئەوا 9 دادوەر دابنرێت بۆ كۆمسیۆن.

ئەگەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی  خۆیدا، بەڵام  بەپێی بارودۆخی ناوخۆییان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان خوازیارن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت. 

بەڵام نەوەی نوێ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە دەنگ و كورسیەكانیان لە پەرلەمانی عێراق زیادیان كرد لەگەڵ هەڵبژاردنن لەوادەی خۆی، خوازیاری هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی نوێشن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.