تورکیا لە باکووری سووریا گیریخواردووە و بێ لایەنگر ماوەتەوە
بەشی جیهان- گۆڤاری سەربازیی ستراتێجی پەیج ئاماژەی داوەتە سنووردار بوونی جووڵە سەربازییەکانی تورکیا و سەربزیوانی سەر بەو وڵاتە و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر کوردەکان و دەنووسێت: تورکیا لە باکووری سووریا گیری خواردووە و بێ لایەنگر ماوەتەوە و هەروەها بۆ کشانەوە لەو وڵاتە لە ژێر گوشاردایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری سەربازیی ستراتێجی پەیج لە شیکاریێکدا بۆ دۆخی شەڕ لە سووریا ئاماژەی داوەتە بەرتەسک بوونی کەم وێنەی جووڵەی سەربازانی تورکیا لە باکووری سووریا. ئەم گۆڤارە لە وەسفی دۆخی تورکیادا لە سووریا دەنووسێت: ئەو وڵاتە لەبواری سیاسیەوە گۆشەگیر کراوە و لە ژێر گوشاردایە بۆ کشانەوە لە باکووری سووریا.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیش دراوە بە زیاتر بوونی هێرشەکانی ڕووسیا و هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیا لەو وڵاتە و دەڵێت: ئاوڕنەدانەو لە شوێنی جێگیر بوونی سەربازانی تورکیا لە لایەن ڕووسیاوە بووەتە هۆی خەساری گیانی و سەربازی لەنێو سەربازەکانی تورکیادا.

ئەم گۆڤارە دەشڵێت کاتێک ڕووسیا سەربزیوان دەکاتە ئامانج زۆر ئاوڕ لە هەڵکەوتەی هێزەکانی تورکیا ناداتەوە کە ئەمەش دەرخەری دوورکەوتنەوەی ڕووسیایە لە تورکیا لەبارەی پرسەکانی سووریا.

ستراتێجی پەیج هەروەها گۆڕیانی هەڵویستی ئەمریکا لەبارەی تورکیا لە گیرخواردنی تورکیا بە کاریگەر دەزانێت چوونکە ئەمجارەیان تورکیا نەیتوانی هەڕەشەکانی خۆی لەدژی کوردانی سووریا جێبەجێ بکات و لە سنوورەکانی خۆی دووریان خاتەوە.

ئەم پرسەش بەم بۆنەوە بوو کە ئەمریکا سەرەڕای ناڕەزایی تورکیا درێژەی بە پشتگیری کردن لە هێزە کوردەکانی سووریا داوە کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت.