ئێران پشتیوانی لە یەکێتی دەکات بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران ئەوە دەخاتە روو کە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق؛ ئێران پشتیوانی لە یەکێتی دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەڵێت:دیارە رۆڵی ئێران لە عێراقدا رۆڵێکی مێژوویی هەیە کە لەلایەنە سیاسیەکانی عێراق لە عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی تر لەپەیوەندی باشداربوون لەقۆناغەکانی ئەوکاتەی کە دژی رژێمی پێشووی عێراق بوون.

نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران دەشڵێت: ئێران هەمیشە چاوی لەوەیە کە کەمترین کێشە لە عێراقدا هەبێت بۆ ئەوەی کێشەکانی عێراق رەنگدانەوەی نەبێت و نەگوازرێتەوە بۆ ئێران.

ناوبراو وتیشی: ئێران هەمیشە ئارامی و هاوکاری لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەوێت بۆ ئەوەی بتوانن حکوومەتێکی سەرکەوتوو لە عێراق دروست بکەن.

نازم دەباغ زیادی کرد ئێران لە قۆناغی یەکەمدا کە سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێت، چاوەڕوان دەکات بە رەزامەندی هەموو لایەنە کوردییەکان سەرۆک کۆمار یەکێک بێت کە جێگەی پشتیوانی و متمانە بێت بۆ لایەنە سیاسییەکان، هانیشیان دەدات کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هی پارتییە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەو دوولایەنە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت.

دەباغ ڕاشیگەیاند: تا ئێستا ئەوەی کە لە ئێرانم بۆ ئەو خولەی کە تێپەڕی هەستم بەوە نەکردووە کە تەحەفوز و نیگەرانی هەبێت لەوەی کە دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار بووە، بۆیە ئێران پێشیخۆشە کە سەرۆک کۆمار بەشێک بێت لە کەم کردنەوەی کێشە ئیقلیمییەکان و هاوکار بێت، بەرهەم ساڵحی پێ خراپ نەبووە.

ناوبراو وتیشی: ئێران لێدەگەرێت بۆ زۆرینەی کورد کە پشتیوانی لەکێ دەکەن، پێموایە دیاری کردنی سەرۆک کۆمار لە عێراقدا پەیوەندی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە.