کوردی سووریا هیوایان بە پشتگیریی جۆ بایدنە
بەشی جیهان- ژمارەیێک لە بەرپرسانی کوردی سووریا دەڵێن دەوڵەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن درێژە بە پشتگیرییەکان لە کوردی سووریا دەدات چوونکە کوردەکان و ئەمەریکا لە بەرەیێکی هاوبەشدان دژ بە تیرۆریزم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمەریکادا، ژمارەیێک لە سەرکردەکانی کورد لە عێراق و سووریا لەوان مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات وێڕای پیرۆزبایی کردن لە بادن هیوای خواست بۆ درێژەی پشتگیرییەکانی ئەمەریکا.

هەر لەمبارەوە، سینەم مەحەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا، لقی سیاسی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئەمەریکا، بە بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمەریکای وتووە: ئەمەریکا لە ساڵی 2014وە تاکوو ئێستا، پشتگیریمانی کردووە دژ بە داعش.

ناوبراو وتی: پشتگیری کردن لە ئێمە لە سەردەمی باراک ئۆباماوە دەستی پێکرد و لە سەرەمی دۆناڵد ترەمپدا درێژەی پێدرا و لە سەردەمی جۆ بایدنیشدا درێژەی دەبێت.

سینەم محەمەد جەختی کردەوە داخوازیی سەرەکیی کوردی سووریا گۆڕینی پشتگیرییەکانی ئەمەریکایە لە سەربازییەوە بۆ سیاسی و بەشێوەی ئاشکرا و دیاری کراو داوا لە جۆ بایدن دەکەین یارمەتی پرسی بەشداریی کورد بدات لە دانوستانەکانی ئاشتیی ژێنێڤدا.

شۆڕش دەروێش، شرۆڤەکاری پرسی کورد دەڵێت کە کوردانی سووریا دەیانەوێت ئەمەریکا درێژە بە پشتگیرییەکانی لەوان بدات لە چوارچێوەی مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا.

ناوبراو جەخت دەکاتەوە ئەوەی کورد لەسەری مکووڕە ئەمەیە کە دەوڵەتی نوێی ئەمەریکا پشتگیرییان لێبکات هەمبەر هێرشەکانی تورکیا.

نیکولاس هراس، شرۆڤەکاری پرسەکانی سووریا لە ناوەندی توێژینەوەکانی جەنگ لە واشنتن بڕوای وایە ڕاوێژکارەکانی جۆ بایدن لە پرسە بیانییەکاندا وتوویانە دەوڵەتی جۆ بایدن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ شکستی داعش کە ئامانجی ئەمەریکایشە هاوکاریی دەبێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113