هێرشێکی داعش لە قەرەچۆخ 13 قوربانیی لێکەوتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەرەچووخ و ئەو هێرشە 13 قوربانی لێکەوتەوە کە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس،  فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 7 پێشمەرگە لەکاتی هەوڵدان بۆ رێگری لە دەربازبوونی چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردبووە سەر گوندی خدرجیجە کەوتوونەتە بۆسەی داعشەوە و هەموویان گیانیان لەدەست داوە.

 ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە: "خۆم وا لە شوێنی رووداوەکەم کە لەسەر چیای قەرەچووخ و لە گوندی نازی کەند رووداوەکە روویداوە."

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی پێنجشەممە 2-12-2021 لە گوندی خدرجیجە، داعش هێرشی کردە سەر هاونیشتمانیان و 3 برا لە یەک خێزان کوژران و 3 کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەش کە بریندارانی دەگواستەوە، پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا.