تیرۆریستانی داعش دەبێت باجێكی گەورە بدەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی پێشمەرگەی ەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە "خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن". 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ئاكامی هێرشی دوێنێ شەوی داعش سێ هاوڵاتی و حەوت پێشمەرگە گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەكی دیكە برینداربوون، و وەزارەتی پێشمەرگە لەمبارەوە ڕاگەیێنرداوێک بڵاو دەکاتەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتى پێشمەرگەدا هاتووە "بەداخەوە، کاتژمێر ٢٢٠٠ شەوی ٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون".

ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن.

هەروەها وەزارەتى پێشمەرگە روونیکردەوە، دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.

وەزارەتى پێشمەرگە جەختی کردوەتەوە کە خوێنی شەهیدەکان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن.

وەزارەتی پێشمەرگە، جارێکی تر رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی هاوبەش دەست پێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت.