مەسعوود بارزانی: پێویستە پێداچونەوە و وردبینی زیاتر بە کاروباری هێزەکانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەکاندا بکرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند پێویستە پێداچونەوە و وردبینی زیاتر بە کاروباری هێزەکانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەکاندا بکرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش لە سنووری قەرەچوغ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێویستە بە زووترین کاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان لە دوژمن بکرێتەوە".

بارزانی لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە داخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواکارم گیانی پاکی شەهیدەکانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و دڵنەوایی بە کەسوکار و بنەماڵەکانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، "سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەکەم کە سێ کوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە کاروانی نەمران و شەهیدبوون و لە خودای گەورە داواکارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەکانی ئەو شێرەژنە بۆ هەموومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاکانی گەلەکەمان و لە دڵەوە سوپاسی دەکەم".