هێرشە ناڕەواکانی داعش بەبێ تۆڵەکردنەوەی دادوەرانە تێ ناپەڕێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی گوتەبێژەکەیەوە چەند پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر گوندی خدرجیجە بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەحیا رەسوول، گوتەبێژی سەربازیی مستەفا کازمی لە توویتەری خۆی چەند پەیامێکی بە ناوی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاو کردەوە و رایگەیاند: کازمی بە بایەخی گەورەوە چاودێریی "هێرش کردنی ترسنۆکانەی چەتەکانی داعشی" بۆ سەر گوندی خدرجیجە کردووە لە نزیک چیای قەرەچووخ، کە تێیدا ژمارەیەک سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە گیانیان سپارد.

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا کازمی "پرسەی خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان دەنێرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هێرشە ناڕەوایە بەبێ تۆڵەکردنەوەی دادوەرانە لەو تاوانکارە تیرۆریستانە تێناپەڕێت کە ئەنجامیان داوە".

گوتەبێژەکەی کازمی دووپاتی کردووەتەوە، "هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو سیستەمی بەرگریی نیشتمانیی عێراقدان و شانبەشانی برایانیان لە هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق کاردەکەن بۆ دابین کردنی ئاسایشی شار و ناوچە جیاوازەکان".

هەروەها دەڵێ، "چەتە تیرۆریستییەکان، دوای ئەوەی گورزی گەورەیان لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا بەرکەوت، بە شێوازی جیاواز هەوڵدەدەن کاری ناڕەوا ئەنجام بدەن، پاش ئەوەی نەیانتوانی رووبەڕووی هێزە ئاسایشییەکانمان ببنەوە".