گەلی کورد لە سووریا متمانەیان بە ڕووسیا نییە

بەشی سووریا- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) دەڵێت: مەترسیی ئەوە هەیە کە دووبارە ڕووسیا لەگەڵ تورکیا لەسەر عەین عیسا مامەڵە بکات بەڵام لە ئێستادا وابۆی ناچم ئەمە ڕووبدات چوونکە سەیەدە و هاوپەیمانان بەهەستیارییەوە بۆ ئەم بابەتە دەڕوانن و عەین عیسا پێگەیێکی ستراتێژیکی هەیە.

«ڕێزان ناسان» ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) هاوکات سەرۆکی ئیدارەی فەرهەنگی ناوچەی فۆرات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو گرووپەکانی سەربە تورکیا بۆسەر ناوچەی عەین عیسا و ڕایگەیاند: تورکیا بەنیازە بەگوشارخستنە سەر کوردستانی سووریا دەستی بە عەین عیسا بگات و ڕووسیەکانیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن و دەیانەوێت بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر عەین عیسا ڕادەستی حکوومەتی ناوەندیی بکەن.

ناوبراو وتیشی: هەردووی ئەم وڵاتانە یەک سیاسەت پەیڕەو دەکەن و بەیارمەتی یەکتر و بە بەکار هێنانی گرووپە توندڕەوەکان دەیانەوێت بەم ئامانجە بگەن.

ڕێزان ناسان وتیشی: بەڵام هێزەکانی ئێمە لە ئامادەباشیی تەواودان و خۆیان ئامادەی هەرچەشنە مەترسییێک کردووە و مۆڵەت بە پێشڕەویی هیچ گرووپێک نادەن هەروەها کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی گرووپە توندڕەوەکانیان بۆ سەر عەین عیسا تێکشکاندووە.

ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (P.D.K.S) وەبیری هێنایەوە: گەلی کوردستانی سووریا هیچ متمانەیێکیان بە ڕووسیا نییە. ڕووسەکان هەمیشە خەریکی مامەڵە کردنن و هێشتا عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لەیاد نەکراون.

ناوبراو زیادی کرد: مەترسیی ئەوە هەیە کە دووبارە ڕووسیا لەگەڵ تورکیا لەسەر عەین عیسا مامەڵە بکات بەڵام لە ئێستادا وابۆی ناچم ئەمە ڕووبدات چوونکە سەیەدە و هاوپەیمانان بەهەستیارییەوە بۆ ئەم بابەتە دەڕوانن و عەین عیسا پێگەیێکی ستراتێژیکی هەیە.

ڕێزان ناسان لەبارەی سەرۆک کۆماریی "جۆ بایدەن" وتی: بایەن تێڕوانینێکی ئەرێنیی بۆ کورد هەیە و ئێمە هیوادارین پاش هاتنی بایدەن دۆخەکە دووبارە لەبەرژەوەندیی کورد بگۆڕدرێت و کورد بە ئامانجەکانی بگات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 433

Your Comment

You are replying to: .
captcha