گوندێکی کەرکووک بە تەواوێتی لەلایەن داعشەوە داگیر کرا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌و گونده‌ى دوێنێ شه‌و په‌لامارێکى داعشى تێکشکاند، دواى دوباره‌ هێرشکردنه‌وه‌ى داعش و هەڕەشەکانی ئەو گرووپە سه‌ره‌نجام خەڵکەکە چۆڵیان کرد و لەلایەن داعشەوە داگیرکرا و بەشێک لەماڵەکانیشى دەسووتێنرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوندی لێهبان دەکەوێتە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ‌و هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نییە، لهێبان ده‌که‌وێته‌ دامێنی چیای قەرەچوخ له‌دیوى سەرگەڕانه‌وه‌، له‌کۆى 40 ماڵى خه‌ڵکى گونده‌که‌، به‌هۆى مه‌ترسی‌ و په‌لاماره‌کانى داعشه‌وه‌ ته‌نها 15 ماڵى تێدا مابوو.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست شارپرێس که‌وتوون، دانیشتوانى لهێبان به‌هۆى دووباره‌ هه‌ڕه‌شه ‌و هێرشى داعشه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ته‌واوى دانیشتوانه‌که‌ى چۆڵیان کرد و له‌ئێستادا داعش چۆته‌ ناو گونده‌که ‌و ده‌ستى به‌سووتاندنى ماڵه‌کانى کردووه‌.

ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت، شه‌وى ڕابردوو دانیشتوانى گونده‌که‌ لەکامێراکانی چاودێرییەوە سێ چەکدارى داعشیان بینیوه‌ که‌ بەچەکەوە بەرەو گونده‌که‌ چوون، بەڵام خەڵکی گوندەکە لێیان هاتنه‌ ده‌ست ‌و ڕێگریان کرد له‌وه‌ى ئه‌و چه‌کدارانه‌ى داعش بتوانن بچنه‌ ناو گونده‌که‌وه‌.

به‌یانى ئه‌مڕۆش خه‌ڵکى گونده‌که‌ له‌ڕێگه‌ى میدیا و ڕاسته‌وخۆش به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندییان به‌به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ‌و سوپاى عێراقه‌وه‌ کرد بۆ ئه‌وه‌ى ژیانیان بپارێزن، چونکه‌ وه‌کو خۆیان باسیانکرد، ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌و زانیاریی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ داعش به‌هێزێکى زۆره‌وه‌ په‌لاماریان ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام وه‌کوو خه‌ڵکى گونده‌که‌ باسیان کردوه‌، هیچ هێزێک نه‌چوه‌ به‌هانایان‌ و ئه‌وانیش بۆ پاراستنى ژیانیان، گونده‌که‌یان چۆڵکردووه‌.

له‌ئێستادا تیرۆریستانى داعش له‌ناو گونده‌که‌ن‌و ئاگریان له‌به‌شێکى زۆرى خانوو ماڵه‌کان به‌رداوه‌ و تائێستاش له‌ناو گونده‌که‌دا ماونه‌ته‌وه‌.