هێزێکی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەچێتە گوندێک لە کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای ئەوەی شەوی رابردوو گوندی لهێبانی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەهۆی هەڕەشەی داعش بەتەواوی چۆڵکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی هەولێر چوونەتە ناو گوندەکە و کونترۆڵیان کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، هێزێکی پێشمەرگە بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان چوونەتە ناو گوندی لهێبان، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هەڕەشەی گرووپی چەکدارانی داعش گوندەکە چۆڵکرا و خەڵکەکەی زۆربەیان هاتنە سنووری دیبەگەی سەر بە پارێزگای هەولێر.

شەوی رابردوو گوندی لهێبان بەتەواوی چۆڵکرا و دانیشتوانی گوندەکە رایانگەیاندبوو، ناوچەکەیان هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نیە و بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆیان بهێنن، گوندەکەیان کە 15 ماڵی تێدابوە بەتەواوی چۆڵ کردوە.

ئاماژەیان بەوەشکردبوو، گوندەکەیان کە دەکەوێتە چیای قەرەچوغ بەدیوی ناحیەی سەرگەڕان بەهۆی مەترسییەکانی داعش کە ماوەی چەند رۆژێکە لەسنوری گوندەکەیان هاتوچۆ دەکەن و ئێوارەی دوێنێ 35 چەکداری داعش بینراون بەرەو گوندەکەیان هاتون، بۆیە گوندەکەیان چۆڵکردوە.

نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردوە، بەرپرسە سەربازییەکان هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێننەوە کە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، دوایین هێرشی داعش شەوی پێنجشەممە بوو. پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دوو هێرشی دیکەیان کردبوو کە بە هەردووکیانەوە 12 پێشمەرگە و چەندین هاوڵاتی شەهید بوون.

News Code 4338

Your Comment

You are replying to: .
captcha