باڵیۆزی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی دیسەمبەری 2021 لە دیدارەکەدا کە ئۆليڤيێ ديكۆتينێ كونسولى گشتيى فه‌ره‌نسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی گشتیی و پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش، بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا.

سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بەشێکە لە هەڕەشە بەردەوامەکان بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بە ئامانجی چۆلکردنیان و گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە.

باڵیۆزی فەرەنسا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە لە شەڕی دژ بە داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستان بوونەتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا. باڵیۆزی فەرەنسا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە پێناو ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و هەروەها کارئاسانی کردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.